به‌رپرسانی پێشووی ئه‌مه‌ریكا داوای به‌كارهێنانی هێز له دژی ئێران له بایدن ده‌كه‌ن
K24- هه‌ولێر:
ژماره‌یه‌ك گه‌وره‌به‌رپرسی پێشووی ئه‌مه‌ریكا داوایان له جۆ بایدن، سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌یان كرد، دوای ته‌واوبوونی گه‌ڕی حه‌فته‌می دانوستانه ئه‌تۆمییه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران، ئاماده‌كاری بۆ ئه‌نجامدانی مانۆری سه‌ربازی له‌سه‌ر ئاستێكی به‌رز بكات و رێكاری تایبه‌ت بۆ ترساندن و فشارخستنه سه‌ر ئێران بگرێته‌به‌ر.
له به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شدا، كه له‌لایه‌ن په‌یمانگه‌ی واشنتن بۆ سیاسه‌تی رۆژهه‌ڵاتی نزیكه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه، به‌رپرسانی پێشووی ئه‌مه‌ریكا پشتیوانیان له رێبازی دیپلۆماسی كردووه، به‌ڵام ئه‌وان ئاماژه‌یان به‌وه داوه، ئێران له پێشێلكردنی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمیی ساڵی 2015، به قۆناغی چڕكردنه‌وه‌ی پیتاندنی یۆرانیۆم گه‌یشتووه، كه له ساڵی 2018، دۆتاڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا كشانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌و رێككه‌وتنه راگه‌یاند.
ئه‌و به‌رپرسانه‌ی پێشووی ئه‌مه‌ریكا جه‌ختیان كردووه‌ته‌وه، "زۆر گرنگه بایدن هه‌ندێك هه‌نگاو بنێت، كه وا له ئێران بكات، هه‌ست به‌وه بكات، كه به‌رده‌وامیدان به ره‌فتاری ئێستا و ره‌تكردنه‌وه‌ی بڕیاری دیپلۆماسیی ژیرانه ژێرخانه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی به‌ته‌واوی ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه، كه به درێژایی سێ ده‌یه‌ی رابردوو كاری بۆ ئه‌و ژێرخانه كردووه".
به‌یاننامه هاوبه‌شه‌كه ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات، "پێویسته ئه‌و هه‌نگاوانه رێكخستنی مانۆری سه‌ربازی له‌سه‌ر ئاستێكی باڵا له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا و به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوپه‌یمان و هاوبه‌شانه‌ی له‌خۆ بگرێت، كه به‌رده‌وام جه‌خت له هێرشكردنه سه‌ر ئامانجه ئێرانییه‌كان ده‌كه‌ن".
هه‌روه‌ها دا‌واشیان كرد، چه‌ك و پێداویستی به‌رگری و سه‌ربازی زیاتر بۆ هاوپه‌یمانه‌كانی واشنتن و دامه‌زراوه ئه‌مه‌ریكییه‌كان و هێزه ده‌ریاییه‌كان له ناوچه‌كه دابین بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی توانای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ر رێكارێكی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یان هه‌بێت، كه له‌وانه‌یه تاران ئه‌نجامی بدات.
له‌ناو ئه‌و به‌رپرسانه‌ی پێشووی ئه‌مه‌ریكا كه به‌یاننامه‌كه‌یان واژوو كردووه، هه‌ریه‌ك له لیۆن بانیتا، وه‌زیری پێشووی به‌رگری، ده‌یڤید پێترایۆس، ژه‌نه‌راڵی خانه‌نشینكراو، میشێل فلۆرنوی، بریكاری پێشووی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا هه‌ن.
له به‌یاننامه‌كه‌یاندا ئاماژه‌یان به‌وه‌شداوه، ئه‌وان داوا له ئیداره‌ی بایدن ناكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی گۆڕینی ده‌سه‌ڵات له ئێران بكات و گوتوویانه: "ئه‌و داواكاریه‌ی ئێمه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به دژایه‌تیكردنی گه‌لی ئێرانه‌وه نییه، به‌ڵكو داوا له حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ین، هاوكاری مرۆیی پیشكه‌ش بكات، له‌وانه‌ش ڤاكسینی دژ به كۆرۆنا و هاوكارییه پزیشكییه‌كانی دیكه بۆ خه‌ڵكی".
دووپاتیانكرده‌وه، "به‌بێ متمانه‌كردن به ئێران، به‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ر تاران له‌سه‌ر هه‌ڵوێست و ره‌فتاری ئێستای به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا سزایه‌كی قورس چاوه‌ڕێی ده‌كات، هیچ هیوایه‌كی دیكه نییه بۆ سه‌ركه‌وتنی دانوستانه‌كان".
ئاماژه‌یان به‌وه‌ش داوه، "له‌پێناو هه‌وڵه دیپلۆماسییه‌كانمان بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و قه‌یرانه، ئێمه له‌و باوه‌ڕه‌داین، كه زۆر گرنگه ترسێك بدرێته ئێران، له‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر چالاكییه ئه‌تۆمییه‌كانی به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا به‌رده‌وام بێت، ئه‌مه‌ریكا هێزی سه‌ربازی له دژی به‌كارده‌هێنێت".
H.B