وەزارەتێک وەرگرتنی ڤاکسین بۆ فەرمانبەر و هاووڵاتییان دەکاتە مەرج

هەر فەرمانبەرێک ڤاکسین وەرنەگرێت ناتوانێت دەوام بکات و هاووڵاتییانیش ناتوانن بەبێ وەرگرتنی ڤاکسین سەردانی وەزارەت و فەرمانگەکان بکەن
null
null

K24 – هەولێر

وەزارەتی داد رایگەیاند، سەرەتای ساڵی داهاتوو دوا مۆڵەتە بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتەکەیان هەر کەسێک ڤاکسین وەرنەگرێت ناتوانێت پابەندی دەوام بێت، هاوکات هەر هاووڵاتییەکیش ڤاکسینی وەرنەگرتبێ نابێ سەردانی وەزارەتی داد و فەرمانگەکانی سەر بەو وەزارەتە بکات.

بەگوێرەی گشتاندنێک کە واژۆی وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرسەت ئەحمەد- ی لەسەرە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە فەرمانبەرانی وەزارەتی داد و فەرمانگەکانی ئەو وەزارەتە بەبێ وەرگرتنی ڤاکسین رێگەیان پێنادرێت دەوام بکەم، ئەو هاووڵاتییانەی ڤاکسینیشیان وەرنەگرتووە ناتوانن سەردانی وەزارەتی داد و فەرمانگەکانی ئەو وەزارەتە بکەن.

لە گشتاندنی وەزارەتی داد ئەم سێ خاڵە خراونەتەڕوو:.

 یەکەم: هەر فەرمانبەرێک لەهەر پلەو پۆستێک بێت ئەگەرتا 1/1/2022  ڤاکسینی  وەرنەگرتبێت، ناتوانێت پابەندبێت بەدەوامی  فەرمی.

دووەم: لەدوای 1/1/2022ـەوە  هیچ هاووڵاتییەک ناتوانێت سەردانی فەرمانگەکان بکات بە مەبەستی رایکردنی مامەڵەکانیان بەبێ وەرگرتنی ڤاکسین. 

سێیەم: لە کاتی جێبەجێ نەکردنی  ئەم گشتاندنە، سەرۆک و بەرپرسی فەرمانگە  روبەرووی لێپێچینەوە دەبن.

گشتاندنی وەزارەتی داد
گشتاندنی وەزارەتی داد