فلیپین.. زیاتر له 200 كه‌س به‌هۆی گه‌رده‌لووله‌وه گیانیان له‌ده‌ستدا

K24 - هه‌ولێر:
بەگوێره‌ی هەواڵێکی كه‌ناڵی "BBC"ی به‌ریتانی، ژماره‌ی گیانله‌ده‌ستدا به‌هۆی گه‌رده‌لوولی "رای" له فلیپین گه‌یشته 208 كه‌س و لانیكه‌م 239 كه‌سی دیكه‌یش برینداربوون، ئاماژه به‌وه‌ش كراوه، گەردەلوولەکە خێراییەکەی 195 کیلۆمەتر له كاتژمێرێك بووه، كه به‌هۆیه‌وه كاولكارییه‌كی زۆر درووست بووه و كاره‌بای ناوچه‌كه پچڕاوه.
گه‌رده‌لووله‌كه به‌توندترین شێوه كاریگه‌ری كردووه‌ته سه‌ر ناوچەکانی جه‌بو و بۆهۆڵ، هەروەها 52 كه‌س چاره‌نووسیان نادیاره و کاریگەری لەسەر ژیانی نزیکەی 780 هەزار کەس دروست کردووە و 300 هەزار گوندنشینی ناچار بە جێهێشتنی ناوچەکەیان کردووە.
بەمەبەستی هاوکاربوون لە هەڵمەتەکانی گەڕان و رزگارکردندا، سوپای فلیپین هێزی سەربازیی رەوانەی ناوچەکە کردووە. ساڵانە تێکڕا 20 گەردەلوول و زریان بەسەر فلیپین-دا هەڵدەکات.
سەرۆکی فلیپین، رۆدریگۆ دوتەرتی لە میانی بەسەرکردنەوەی ناوچە کارەساتبارەکەدا، ئاماژەی بەوە کرد کە بە 40 ملیۆن دۆلار هاوکاری دانیشتوانی ناوچەکە دەکەن.
لە ساڵی 2013 بەهۆی روودانی گەردەلوولی "هایان"، زیاتر لە شەش هەزار کەس لە فلیپین گیانیان لەدەستدا و زیانێکی زۆری ماددیش کەوتەوە.