راپۆرتی لیژنه‌ی دارایی: داھاتی پارێزگای سلێمانی ھەمووی ناگەڕێتەوە گەنجینەی گشتی

"هه‌ندێك كۆمپانیا له‌ سلێمانی پڕۆژه‌كانیان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن و دێن له‌ هه‌ولێر لێخۆشبوونی باج وه‌رده‌گرن"

K24 - هه‌ولێر:

بە گوێرەی راپۆرتێکی لیژنەی دارایی پەرلەمان سەدا 90 داھاتی ھەرێمی كوردستان بۆ مووچەیە و پێویستیی خەرجی مووچەی فەرمانبەران بۆ 902 ملیار دینار بەرزبووەتەوە، لە هەمان کاتدا بەرهەمهێنانی نەوت کەمیکردووە.

هەر بە گوێرەی راپۆرتەکە داھاتی پارێزگای سلێمانی ھەمووی ناگەڕێتەوە گەنجینەی گشتی، ھۆكارەكەشی سیاسی و تەكنیكین، داواش کراوە زیاتر لە 700 كۆمپانیای نەوت باج بدەن.

راپۆرتێكی وردی لیژنەی دارایی لەسەر خەرجییەكان و داھاتەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان خراوه‌ته‌ بەردەم پەرلەمانتاران، راپۆرتەكە بە وردی سەرچاوەكانی داھات و بڕی داھاتیشی تێدایە، بەپێ راپۆرتەكە لەسەدا 90ی داھاتی ھەرێمی كوردستان بۆ مووچەیە، بۆ مووچەی یەك مانگیش حكومەتی ھەرێمی كوردستان پێوستی بە 902  ملیار دینارە، تەنیا 137 ملیار دینار داھاتی حكومەت بۆ خەرجییەكانی تەشغیلی و پێشینەی فەرمانگەکان و خەرجی خزمەتگوزاری ‎وەبەرهێنانی پڕۆژکانە بەمەش لەسەدا 10ی داھاتی ھەرێمی كوردستان بۆ پرۆژە و خەرجیەكانیەتی.

محەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان روونیكرده‌وه‌، زیادبوونی خه‌رجییه‌كانی به‌هۆی مووچه‌وه‌یه‌، ئه‌و زیادبوونه‌ش له‌به‌ر پێویستی حكومه‌تی هه‌رێمه‌ به‌ كادیری په‌روه‌رده‌ و خوێندن، پێویستی به‌ پسپۆڕی هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داموده‌زگاكانی حكومه‌ت فروان بووه‌.

بۆ ئەوەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان داھاتەكانی لە خەرجییەكان زیاتربێت، شەش پێشنیاز بۆ چارەسەر خراوەتە بەردەم حكومەتی ھەرێمی كوردستان، داوای ناردنی پرۆژەیاسای بودجەی 2022 و چاكسازی لە خەرجییەكانی نەوت و گرێبەستە  كۆمپانیاكان و دادپەری بكرێت لە كۆكردنەوەی داھاتی ناوخۆی پارێزگاكان و یەكێكی دیكە لە پێشنیازەكان داواكراوه‌ بەپەلە چاكسازی لە دەروازە سنوورییەكان بكرێت و ھەمواری یاسای وەبەرھێنانیش بكرێتەوە، لە پێناو رەخساندنی ھەلیكار بۆ دەستی كاری نێوخۆی.

بەھجەت عەلی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، 58%ی خه‌رجییه‌كانی نه‌وت بووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش 40% بۆ هه‌رێم گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی توانیویه‌تی خه‌رجییه‌كانی له‌ بواری نه‌وت كه‌م بكاته‌وه‌.

لەبارەی نەگەڕانەوەی داھاتی پارێزگاكانیش دەركەوتووه‌، لەچاو پارێزگای ھەولێر و دھۆك، داھاتی پارێزگای سلێمانی ھەمووی ناگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی، ھۆكارەكەشی سیاسی و تەكنیكین و داواش دەكرێت زیاتر لە 700 كۆمپانیای نەوت باج بدەن.

شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی ئاشكرای كرد، كۆكردنه‌وه‌ی داهات له‌ سلێمانی كێشه‌ی هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌ندێك له‌ كێشه‌كانیش ته‌كنیكین، هه‌ندێك كۆمپانیا هه‌ن له‌ سلێمانی پڕۆژه‌كانیان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، كه‌چی دێن له‌ هه‌ولێر لێخۆشبوونی باج وه‌رده‌گرن، بۆیه‌ كێشه‌یه‌ك له‌ سیته‌می وه‌رگرتنی باج هه‌یه‌ و ده‌بێت چاره‌سه‌ر بكرێت.

بەگوێرەی راپۆرتەكە لە چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەم لە فرۆشتنی نەوت بۆ ھەر بەرمیلێك دوو دۆلار لە خەرجی بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە، ئێستا ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت رۆژانە 422 ھەزار بەرمیل نەوتە، كە 22 ھەزاری  رۆژانەی بۆ خواستی ناوخۆ بەكاردەھێنرێت و بەھۆی  بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێمی كوردستان كەمیكردوە، چونكە كۆمپانیاكان پەرەیان بە كێڵگە نەوتییەكان نەداووە.