"14.3 ملیمه‌تر باران زیاتر باریوه"
K24 - هه‌ولێر:
فازل ئیبراهیم، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان به كوردستان24ی راگه‌یاند، رێژه‌ی باران بارین ئه‌مساڵ به‌راورد به ساڵی پار زیاتر بووه و پێشبینیش ده‌كه‌ن رێژه‌كه هێشتا زیاتر بێت.
فازل ئیبراهیم گوتی: به‌راورد به ساڵی پار له پارێزگای هه‌ولێر رێژه‌ی باران بارین 14.3 ملیمه‌تر باران زیاتر باریوه، به‌ڵام به‌راورد به رێژه‌ی ئاسایی ساڵه‌كانی رابردوو، رێژه‌كه هێشتا كه‌مه و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به هۆی شه‌پۆڵی دووه‌می باران بارینه‌وه رێژه‌كه به‌رزتربێته‌وه.
گوتیشی: ساڵی پار تا ئه‌م كاتانه له پارێزگای هه‌ولێر به رێژه‌ی 74.5 ملیمه‌تر باران باریبوو، به‌ڵام ئه‌مساڵ تا ئێستا تێكڕای باران بارین 88.8 ملیمه‌تره و رێژه‌كه به‌راورد به ساڵی رابردووه زیاتره، جیاوازییه‌كه‌ش مایه‌ی دڵخۆشییه و ره‌نگه هێشتا زیاتر به‌رزبێته‌وه.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان روونیكرده‌وه، ئه‌و شه‌پۆڵه باران و به‌فر بارین تا ئێواره‌ی رۆژی هه‌ینی داهاتوو به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی شه‌پۆڵه‌كه كه‌شوهه‌وا ساردتر ده‌بێت و پله‌كانی گه‌رما به گشتی له هه‌رێمی كوردستان بۆ ژێر سفر نزم ده‌بێته‌وه.
روونیشكرده‌وه، ئه‌و وشكه ساڵییه‌ی ساڵی پار تووشی بووین، له 30 ساڵی رابردوودا وێنه‌ی نه‌بووه، به‌ڵام پێشبینی ده‌كه‌ین، له مانگی یه‌كه‌م و دووه‌می ساڵی نوێ‌دا رێژه‌ی باران بارین له هه‌رێمی كوردستان زیاتر ببێت به‌راورد به ساڵی پار.
به‌گوێره‌ی ئه‌و خشته‌یه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان ئاماده‌ی كردووه و ده‌ستی كوردستان24 كه‌وتووه، ده‌ركه‌وتووه، رێژه‌ی تێكڕای باران بارین تاوه‌كو ئه‌مڕۆ له پارێزگای هه‌ولێر به‌راورد به ساڵی پار زیاتر بووه، به‌ڵام له پارێزگاكانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان رێژه‌كه كه‌متره.