هه‌ولێر خراپترین ریكۆردی له‌م وه‌رزه تۆمار كرد
له گه‌ڕی دوازده‌یه‌می خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان، یانه‌ی ئارارات برینه‌كانی یانه‌ی هه‌ولێری قوڵتركرده‌وه، یانه‌ی نه‌ورۆزیش بۆ یه‌كه‌مجار له‌م وه‌رزه كه‌وته داوی یه‌كسانبوونه‌وه.
هه‌ولێر ـ ئارارات
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، یانه‌ی هه‌ولێر له نێو یاریگه‌ی دووه‌می فره‌نسۆ هه‌ریری میوانداریی یانه‌ی ئاراراتی دراوسێی كرد.
له خوله‌كی 43 جێگر عه‌زیز یاریزانی یانه‌ی ئارارات به لێدانی راسته‌وخۆ تۆڕی گۆڵی هه‌ولێری هه‌ژاند، نیوه‌ی یه‌كه‌م به‌م تاكه گۆڵه له به‌رژه‌وه‌ندی ئارارات كۆتایی هات.
دواتر له ده‌ستپێكی نیوه‌ی دووه‌م، جێگر عه‌زیز به ئاسیستی عه‌لی عه‌زیزی برای جارێكی دیكه گه‌ڕایه‌وه و گۆڵی دووه‌میشی بۆ ئارارات تۆمار كرد و ئه‌وه‌ندیتر دۆخی یانه‌ی هه‌ولێری قورس‌تر كرد، یارییه‌كه‌ش تا كۆتایی به 2 گۆڵی بێبه‌رامبه‌ر له به‌رژه‌وه‌ندی ئارارات كۆتایی هات.
یانه‌ی ئارارات دووه‌مین سه‌ركه‌وتنی له‌سه‌ریه‌كی تۆمار كرد و ژماره‌ی خاڵه‌كانی بۆ 14 خاڵ به‌رز كرده‌وه و به شێوه‌یه‌كی كاتی 4 خانه بۆ سه‌رووی ریزبه‌ندی هه‌ڵكشا و پله‌ی حه‌وته‌می ریزبه‌ندی گرت.
له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی هه‌ولێر دووه‌مین یاریی له‌سه‌ریه‌ك دۆڕاند كه ئه‌مه حه‌وته‌مین شكستی یانه‌كه‌ی پایته‌خته له‌م وه‌رزه كه به‌رزترین رێژه‌ی دۆڕانه له‌سه‌ر ئاستی ئه‌م وه‌رزه‌ی خوله‌كه.
شه‌قڵاوه ـ نه‌ورۆز
یانه‌ی شه‌قڵاوه له نێو یاریگه‌ی خۆی له‌به‌رده‌م لێزمه‌ی به‌فر و باران میوانداریی نه‌ورۆزی شاری سلێمانی كرد، یارییه‌كه‌ش به درێژایی هه‌ر دوو نیوه‌ی یارییه‌كه به یه‌كسانبوون به‌بێ گۆڵ كۆتایی هات، به‌مه‌ش یانه‌ی نه‌ورۆز دوای 12 یاری بۆ یه‌كه‌مجار له‌م وه‌رزه تووشی یه‌كسانبوون بوو.
یانه‌ی نه‌ورۆز به‌م یه‌كسانبوونه ژماره‌ی خاڵه‌كانی له پله‌ی سێیه‌می ریزبه‌ندی گه‌یانده 19 خاڵ، له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی شه‌قڵاوه به 6 خاڵ له دوایین خانه‌ی ریزبه‌ندی خوله‌كه مایه‌وه.