لە پایتەختی سوید خوێندنگەیەکی تایبەت بە زمانی کوردی دەکرێتەوە

نزیکەی 70 منداڵ وانەی تێدا دەخوێنن
خوێندنگەیەکی تایبەت بە زمانی کوردی لە ستۆکهۆڵم
خوێندنگەیەکی تایبەت بە زمانی کوردی لە ستۆکهۆڵم

K24 - هەولێر: 

لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید خوێندنگەیەکی تایبەت بە زمانی کوردی کراوەتەوە و هەموو رۆژانێکی شەممە نزیکەی 70 منداڵ وانەی تێدا دەخوێنن.

خوێندنگەکە قوتابیانی هەر 4 پارچەی کوردستانی تێدایە و وانەکانی نووسین و خوێندنەوە بە هەردوو زاراوەی کوردی (سۆرانی، کرمانجی) تێدا دەخوێنرێن.

خویندنگەکە 4 پۆل لەخۆ دەگرێت و فێرخوازەکانیش تەمەنیان لە نێوان 3 بۆ 15 ساڵاندایە، جگە لە وانەکانی نووسین و خوێندنەوە کە تایبەتن بە منداڵان، وانەی هونەر بۆ دایکان و باوکان هەیە کە چالاکییە هونەریەکانی وەک شێوەکاری و وێنەکێشان و میوزیک لەخۆدەگرێت.

سەرپەرشتیارانی خوێندنگەکە دەڵێن، ئامانج لە کردنەوەی ئەم خوێندنگەیە، پاراستنی زمان و کلتوری کوردییە و دانەبڕانی نەوەکانە لە خاک و زمانی رەسەنی خۆیان.