لە 2021 دوو ملیۆن گەشتیار هاتوونەتە هەولێر

K24 - هەولێر:
رێژەی هاتنی گەشتیار بۆ پارێزگای هەولێر و شوێنە گەشتیارییەكانی لەمساڵدا، لە تەواوی هەردوو ساڵانی پێش خۆی پێكەوە زیاترە و چاوەڕێ دەكرێت لە 2022 رێژەكە بەرز ببێتەوە.
ئیسماعیل مینەخان، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر به كوردستان24ی راگهیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا 23ی کانوونی دووەم، ژمارەی گەشتیاران لە پارێزگای هەولێر گەیشتووەتە ملیۆنێک و 971 هەزار و 522 گەشتیار و چاوەڕێ دەكەین بەهۆی پشووی سەری ساڵەوە، دوو ملیۆنیش تێپەڕێنێت.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەولێر ئاماژەی بەوەشدا، ئەو ئامارە لە رێگەی بازگە سنوورەییەكانی پایتەخت و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بە شێوەیەكی ورد و زانستی تۆمار دەكرێن.
جێی ئاماژەیە، بەهۆی پەتای كۆرۆناوە، رێژەی گەشتیار لە تەواوی هەردوو ساڵانی 2019 و 2020 گەیشتە یەک ملیۆن و 860 هەزار و 236 گەشتیار، بەڵام لە ساڵی 2021 كە پەتاكە هێواشتر بوو و جارێكی دیكە ژیان بەرەو ئاسایی بوون رۆیشتەوە و ژمارەی گەشتیارانیش بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە.
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، لە چوارچێوەی پلانەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا بۆ بایەخدانی زیاتر بە كەرتی گەشتیاری و پلانەكانی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری پارێزگای هەولێر بۆ گەشتیارانی پایتەختی هەرێمی كوردستان دانراوە، چاوەڕێ دەكەن لە ساڵی داهاتوودا ژمارەی گەشتیاران زیاتریش هەڵبكشێت.