گۆڕان کۆبوونەوەیەکی داخراو دەکات

گفتوگۆ لەبارەی دیارکردنی لیژنەی بەڕێوەبردن دەکەن
مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی
مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی

K24 – سلێمانی

جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە مەبەستی پێکهێنانی لیژنەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە کۆدەبێتەوە، بەگوتەی چەند ئەندامێکی جڤاتەکە کۆبوونەوەکە داخراو دەبێت و رێگە بە میدیاکان نادەن رووماڵی بکەن.

هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "لە هیچ کەناڵێکی راگەیاندنی گۆڕان باسی کۆبوونەوەکە نەکراوە، بەڵام لە رێگەی چەند ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی گۆڕانەوە زانیاریم دەستکەوتووە، بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی گۆڕان کۆدەبنەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە داخراو دەبێت و رێگە بە میدیاکان نادرێت رووماڵی بکەن".

لە دوای ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق کە بزووتنەوەی گۆران نەیتوانی هیچ کورسیەکی پەرلەمانی بە دەستبێنێ، رێکخەری گشتی گۆڕان و تەواوی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەکە دەستیان لەکارکێشایەوە، ئێستا چەند پێشنیازێک خراونەتەڕوو بۆ دیارکردنی دەستەیەک، بۆ ئەوەی بزووتنەوەکە بەڕێوەببات تا ئەنجامدانی کۆنفرانسی گشتی.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرمان: "یەکێک لە پێشنیازەکان ئەوەیە بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەن لیژنەیەکی 7 کەسییەوە بەڕێوەببرێت، پێشنیازێکی دیکە هەیە لیژنەکە 9 کەسی بێت، یەکێکی دیکە لە پێشنیازەکان ئەوەیە لیژنەکە 13 کەسی بێت".

پەیامنێرمان گوتیشی: "یەکێک لەو بابەتانەی لە کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان تاوتوێ دەکرێت، دیارکردنی دەسەڵاتی ئەو لیژنەیە کە بڕیارە بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە دیاربکرێت".