هێمن هەورامی: بابەتی کۆمسیۆن هەستیارە

"وەک سەرۆکایەتی پەرلەمان بڕیار دەدەین چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکەین"
هێمن هەورامی، جیگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
هێمن هەورامی، جیگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

K24 – هەولێر

جیگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، وەک پەرلەمان لەم خولەدا کۆمەڵێک پڕۆژەیاسا و پێشنیاز ماون دەنگیان لەسەر بدەن، یەکێک لەو بابەتانەش کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانە، بە بابەتێکی هەستیار وەسفی دەکات.

هێمن هەورامی، جیگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "کاتێک کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە ساڵی 2014 دروستکراوە، خولی یەکەمیان بۆ 5 ساڵە و لە 23/12/2019 کۆتایی هاتووە، لەناو یاسای کۆمسیۆن هاتووە دەتوانرێت بۆ جارێک بۆیان درێژ بکرێتەوە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە لەسەر چ بنەمایەک دروستکراوە، بێگومان بە رێککەوتنی نێوان پێنج حزب بووە کە ئەوکات لەناو پەرلەمان بوون، ئێستا نەخشەی گۆڕاوە، هەندێک فراکسیۆن ئێستا لە پەرلەمان هەن ئەوکات نەبوون، ئێمە وەک سەرۆکایەتی پەرلەمان هانی لایەنەکان دەدەین، کە کۆمسیۆن بە تەوافق دروست بکەینەوە، چونکە بابەتێکی یاساییە پێش ئەوەی بابەتێکی ساسیی بێت".

گوتیشی: "ئێمە لەم خولەدا کۆمەڵیک بابەتمان لەسەر شان ماون، بەتایبەتی دەنگدان بە کۆمەڵێک پڕۆژەیاسا و پێشنیازەیاسا، هەندێکیان خوێندنەوەی دووەمیان بۆ کراوە، بابەتی کۆمسیۆنیش بابەتێکی هەستیارە، بێگومان لە سەرەتایی مانگی یەکی ساڵی داهاتوو، دانیشتنی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەین و بڕیاردەدەین کە چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکەین".

لایەنەکان بۆچوونیان جیاوازە لەسەر کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ داهاتوو، هەندێکیان پێیان وایە کۆمسیۆنی ئێستا کارا بکرێتەوە و هەندێکیشیان دەڵێن کۆمسیۆنێکی نوێ هەڵبژێردرێت.

پێشتر ئەنجومەنی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان داوایان لە پەرلەمان کردبوو کێشەی یاساییان بۆ چارەسەر بکرێت، چونکە ساڵێک زیاترە وادەی یاسایی کۆمسیۆن بەسەرچووە. ئێستا 56 پەرلەمانتار واژۆیان کۆکردووەتەوە داوا دەکەن بەپێی ئەنجامەکانی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆمسیۆن کارا بکرێتەوە.