چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق ده‌خاته‌ڕوو
K24 – هه‌ولێر:
چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی (إطار التنسیقی) ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی نوێ بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی چه‌قبه‌ستوویی سیاسی له عێراق ده‌خاته‌ڕوو و جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، پێویسته هه‌موو تانه و سكاڵا ده‌ستووری و یاساییه‌كان له‌باره‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌هه‌ند وه‌ربگیرێن و نابێت ئه‌وه‌نده بیر له شكڵ و شێوازی په‌یكه‌ربه‌ندیی حكومه‌تی داهاتوو بكرێته‌وه، به‌ڵكو پێویسته زیاتر بیر له به‌رنامه‌ی حكومه‌ت بكرێته‌وه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی زۆری بێكاری له وڵات.
له ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌دا هاتووه: ئه‌وپه‌ڕی چاودێرییه‌كانمان بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لی عێراق و جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانییه‌تی له میانه‌ی چاكسازی و خزمه‌تگوزاری و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و هه‌ڵساندنه‌وه‌ی عێراق له هه‌موو بواره‌كاندا و هه‌وڵدان بۆ فه‌راهه‌مكردنی رێگه‌كانی ژیانێكی خۆش بۆ هه‌موو عێراقییه‌كان. هه‌روه‌ها چاودێریكردنمان بۆ سه‌قامگیری سیاسی ، ئه‌منی و كۆمه‌ڵایه‌تی له وڵات و گه‌مارۆدان و له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كه، تێپه‌ڕاندنی چه‌قبه‌ستوویی ئێستای سیاسی و بۆ ده‌رچوون له كه‌شی قه‌یراناوی له فه‌زای لێكتێگه‌یشتن و كارلێكی نیشتمانی له‌نێوان هێز، حزب و كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كان، كه نوێنه‌رایه‌تی ته‌واوی پێكهاته‌كان ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ك له‌پێناو دیدگایه‌كی نیشتمانی یه‌كگرتوو كه ده‌بێته پردی په‌ڕینه‌وه له‌و قۆناغه‌ی ئێستا و به‌شداری له بونیاتنانی ده‌وڵه‌تێكی به‌توانا و خزمه‌تكاری گه‌له‌كه‌یدا ده‌كات، ئه‌م هێڵه سه‌ره‌كییانه بۆ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌مان وه‌ك لۆژیكێك بۆ گفتوگۆ و دانوستان و لێكتێگه‌یشتن ده‌خه‌ینه‌ڕوو و جه‌خت له‌مانه‌ی خواره‌وه ده‌كاته‌وه:
یه‌كه‌م: به‌هه‌ندوه‌رگرتنی هه‌موو تانه و سكاڵا ده‌ستووری و یاساییه‌كان له‌لایه‌ن دادگا و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه، كه له‌باره‌ی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه پێشكه‌شكراون و پشتگیریكردن له هه‌موو رێكاره یاساییه‌كان.
دووه‌م: نابێت گرنگی ئه‌وه‌نده به روواڵه‌ت و شێوازی حكومه‌ت و په‌یكه‌ربه‌ندی پێكهاته‌كه‌ی بدرێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه كه پێویسته گرنگیی به به‌رنامه و كارنامه‌ی حكومه‌تێك بدرێت، كه سه‌روه‌ری تێیدا ده‌سته‌به‌ربێت، رووبه‌ڕووی گه‌نده‌ڵی ببێته‌وه، چاره‌سه‌ری بێكاری بكات و خزمه‌تگوزاری ده‌سته‌به‌ر بكات، ئاستی ئابووری هاووڵاتییان به‌رز بكاته‌وه و میكانیزمی بنچینه‌یی بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی نرخی دۆلار بكات، كه‌رتی پیشه‌سازی و كشتوكاڵ ببووژێنێته‌وه و وه‌به‌رهێنان و كه‌رتی تایبه‌ت هان بدات و به‌په‌له چاره‌سه‌ری كێشه‌ی مه‌ترسیداری ئاو و دۆسییه‌كانی دیكه بكات، كه په‌یوه‌ندییان به ژیانی رۆژانه‌ی هاووڵاتییانه‌وه هه‌یه.
سێیه‌م: رێككه‌وتن له‌سه‌ر پشتگیریكردن له‌و یاسایانه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه بنچینه‌ییه‌كانی هاووڵاتیان ده‌كه‌ن و كار له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی باوه‌ڕی ده‌كه‌ن و پارێزگاری له ناسنامه‌ی رۆشنبیری گه‌لی عێراق ده‌كه‌ن.
چواره‌م: به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی توانای سه‌ربازی بۆ هێزه چه‌كداره‌كان به هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه له سوپا، پۆلیسی فیدراڵ، ده‌زگای دژه‌تیرۆر، حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و پشتیوانیكردن له ته‌واوی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان.
پێنجه‌م: پارێزگاریكردن له حه‌شدی شه‌عبی و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی توانا و دامه‌زراوه‌كانی و ته‌واوكردنی بونیاتنانی ئه‌و هێزه به‌گوێره‌ی یاسا.
شه‌شه‌م: چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هاوسه‌نگی له په‌رله‌مان، كه له ئه‌نجامی بوونی هه‌ڵه له ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن هاتووه‌ته ئاراوه، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری ورد، به‌شێوه‌یه‌ك كه له سنووری یاسا ده‌رنه‌چن.
حه‌وته‌م: له‌پێناو شه‌راكه‌تی راسته‌قینه له ئیداره‌دانی ده‌وڵه‌ت، به پێویستی ده‌زانین ئه‌نجوومه‌نی سیاسه‌ته‌كان وه‌ك ئه‌نجوومه‌نێكی راوێژكاری دابمه‌زرێت، تا ئه‌و كاته‌ی یاسای ئه‌نجوومه‌نی فیدراڵ په‌سه‌ند ده‌كرێت.
هه‌شته‌م: ئۆپۆزسیۆنبوون مافێكی ره‌وایه بۆ ئه‌و هێزانه‌ی ئاره‌زوویان هه‌یه، هه‌روه‌ها مافی هه‌ر هێزێكیشه، كه خواستی بۆ دانوستانكردن له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌ت هه‌یه نیازی خۆیان رابگه‌یه‌نن و به‌رپرسیارێتی ته‌واو ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی نوێنه‌ره‌كانیان له ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن به‌رامبه‌ر به گه‌ل.
نۆیه‌م: هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كان به له‌به‌رچاوگرتنی عورفی ده‌ستووریی باو، پابه‌ندی رێككه‌وتنی نێوان هێزه سیاسییه‌كان ده‌بن.
داوا له سه‌رجه‌م هاوبه‌شه سیاسییه‌كان ده‌كه‌ین، كاری جددی له‌پێناو گه‌یشتن به چاره‌سه‌رێك بكه‌ن، كه جێگه‌ی متمانه‌ی گه‌له‌كه‌مان بێت، كه تائێستاش به‌ده‌ست زۆر كه‌موكوڕییه‌وه ده‌ناڵێنێت.