پارتی: فرەبازنەیی بۆ ھەڵبژاردن شکستی ھێناوە

"نابێ ئەزموونی شکستخواردوی بەغدا بگوازینەوە ئێرە"

K24 - هەولێر

دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، فرەبازنەیی بۆ ھەڵبژاردن لە بەغدا شکستی ھێناوە و ناکرێت ئەم ئەزموونە لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دووبارە بکەینەوە.

تا کۆتایی مانگی ئەیلوولی ساڵی داھاتوو، دەبێ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەرێوەبچێت،  کەمتر لە ساڵێکی ماوە کەچی ئێستا لایەنە سیاسییەکان داوای ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن دەکەن، ئەم کارەش بە ئەستەم دەزانرێت چونکە کات نەماوە، پارتی نایەوێت ئەزموونی بەغدا لە ھەولێر دووبارە ببێتەوە و یاسای ھەڵبژاردن لە بەرژەوەندی چەند لایەنێک ھەمواربکرێتەوە، دەزگای ھەڵبژاردنی پارتیش داوا دەکات کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی بەپێی ئەنجامی ھەڵبژاردنی خولی پێنجەم کارا بکرێتەوە.

کاوە گەردی، کارگێڕی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بە کوردستان24ی راگەیاند: "نابێ ئەو ئەزموونە شکستخواردووەی بەغدا بگوازینەوە هەرێمی کوردستان، لە دوای 2003وە چەندین جار یاسای هەڵبژاردنەکان لە عێراق هەموار کراوەتەوە و بە ویستی حزبە گەورەکان گۆڕانکاری تێدا کراوە، بۆ بەرژەوەندی خۆیان".

گوتیشی: "ئێستا پەرلەمان لەکاتی پشووی یاسایی خۆی دایە و یاساکە چەند مانگێکی دەوێت، هەروەها هەڵبژاردن پێویستی بە ئامادەکارییە، جگە لەوە ماوەی یاسایی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بەسەرچووە، پێویستە پێش هەموو شتێک بیر لە کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بکرێتەوە بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان".

ئەگەر لایەنەکان نەگەنە رێککەوتن و بڕیار لەبارەی وادەی ھەڵبژاردن نەدرا، ئەوکات پەرلەمان و سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەت دەکەونە بۆشایی یاساییەوە، ئەمەش رێگە بۆ ھەندێک لایەن دەرەخسێنێت، کە دەست بە موزایەدە بکەن و کێشەکانی دیکە تێکەڵی ئەو پرسە بکەن، بەشێک لە لایەنەکانیش داوا دەکەن رێگری بکرێت لە دروستکردنی ئەو بۆشاییە یاساییە.

ھیمداد سەباح، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی دەڵێ: "ئەگەر پەلە نەکرێت دەکەوینە بۆشایی یاسایی، بۆیە دەبێ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەگەڵ حکومەت و لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆ بکەن و دەستپێشخەری بکەن، بۆ ئەوەی بۆشایی یاسایی دروست نەبێت".

ئێستا لەبارەی یاسای هەڵبژاردن،  فراکسیۆنەکان  بەسەر چەند بەرەیەک دابەشبوونە، بەشێکیان داوای ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن دەکەن بەشێکیشیان دەڵێن یاسای ھەڵبژاردن ھیچ کێشەیەکی نییە، کاتیش بۆ ھەمواری یاسای هەڵبژاردن نەماوە، لە ئەگەری ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان،  لە وادەی خۆی، دەرفەتێک بۆ بەشێک لە لایەنەکان دەرەخسێت کە ماوە بەسەرچوونی پەرلەمانی کوردستان بکەنە بیانوو بۆ ورژاندنی چەندین کێشەی سیاسی و یاسایی بەمەش هێندەی دیکە قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەکەن، لە کاتێکدا بەشێک لەو لایەنە سیاسیانەش لەگەڵ ئەوە نین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆی بەرێوەبچێت.