شۆڕش ئیسماعیل: سەنگەرەکانی پێشمەرگە رێکدەخرێنەوە

"پڕۆسەی چاکسازی لەناو هیزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت"
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە

K24 – هەولێر

وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند، جموجۆڵی داعش لەو سنوورانە کەمتر بووەتەوە کە ئۆپەراسیۆنی پێشمەرگەی لێ ئەنجامدراوە و چەند لیژنەیەکیشیان بۆ رێکخستنەوەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە پێکهێناوە.

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری ژمارەیەک پلەدار و فەرماندەی هێزی پێشمەرگە سەنگەرەکانی پێشمەرگەی لە گەرمیان بەسەرکردەوە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە سنووری کفری گوتی: "دوای ئۆپەراسیۆنی هێزی پێشمەرگە لە گەرمیان، جموجۆڵی چەکدارانی داعش کەمتر بووە، ئومێد دەکەین ئەو هاوکاری و هەماهەنگییەی لەگەڵ سوپای عێراق هەمانە پتەوتری بکەین و دەرفەت بۆ داعش نەهێڵینەوە بە ئارەزووی خۆی جموجۆڵ بکات".

گوتیشی: "چەند لیژنەیەکمان دروستکردووە بۆ سەنگەرسازی و رێکخستنەوەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە، سەردانەکەی ئەمڕۆشمان هەر بۆ ئەوە بوو تا دڵنیابین بەرنامەی کە بۆ رێکخستنەوەی سەنگەررکان دامانناوە، هەروەها ئەگەر کەموکوڕی هەیە ببینین، ئەگەر لە شوێنێکیش ئیشی باشکراوە دەستخۆشیان لێبکەین، مەبەستمان ئەوە هیچ کەموکوڕییەک لە سەنگەرەکان نەمێنێت".

سەبارەت بە رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، شۆڕش ئیسماعیل گوتی: "لە پڕۆسەی چاکسازی لەناو هێزەکانی پێشمەرگە، ئێستا 20 لیوا لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدان، هەروەها هێزی پشتیوانی 1 و 2 سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن، هەنگاو بە هەنگاو پڕۆسەکە جێبەجێ دەکرێت و هەموو هیزەکان دەخرێنەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە".

ئاماژەی بەوەشدا: "ئەو دوو لیوا هاوبەشەی کە بڕیارە لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق دروست بکرێن، پێکهاتەکەیان تەواو بووە و هەماهەنگی تەواو کراوە، لیوایەکی وەزارەتی پێشمەرگە گواستراوەتەوە وەزارەتی بەرگری عێراق، سەرۆک وەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر ئەو بابەتە داوە، ئومێد دەکەین هەرچی زووە هێزەکان لەو شوێنانە دەستبەکاربن کە ئەرکیان پێسپێردراوە".

ئەوەشی خستەڕوو: "پێشمەرگە لەو شوێنانە دەمێنێتەوە کە لە دەستی داعش رزگاری کردون، لەمەودوا ئۆپەراسیۆنی دیکەشی دەبێت بۆ کێوماڵکردنی داعش لەو سنوورانە و پاراستنی خەڵکی ناوچەکە".