به‌ ده‌ستپێكردنی شه‌پۆلێكی نوێی باران پێشوازی له‌ ساڵی نوێ ده‌كه‌ین

هه‌فته‌یه‌ك به‌رده‌وام ده‌بێت
هه‌فته‌یه‌ك باران به‌رده‌وام ده‌بێت
هه‌فته‌یه‌ك باران به‌رده‌وام ده‌بێت

K24 – هه‌ولێر:

له‌ پۆستێكدا له‌ په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك، سادق عه‌تییه‌، كه‌شناسی پێشكه‌وتووی عێراقی پێشبینییه‌كانی بۆ كه‌شوهه‌وای چه‌ند رۆژی ده‌ستپێكی ساڵی نوێ (2022) خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند، پێشبینی ده‌كرێت شه‌پۆلێكی باران ته‌واوی شاره‌كانی عێراق (به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌) بگرێته‌وه‌ و بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك به‌رده‌وام بێت.

له‌ پۆسته‌كه‌یدا عه‌تییه‌ نووسیویه‌تی: به‌گوێره‌ی پێشبینییه‌كان، له‌ ئه‌مشه‌وه‌وه‌ هه‌ور ته‌واوی ناوچه‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق داده‌پۆشێت و چاوه‌ڕێ ده‌كرێت دره‌نگانی ئه‌مشه‌و نمه‌ باران له‌ شاره‌كانی باشوور ببارێت و به‌شێوه‌یه‌كی پله‌به‌ندی تا به‌یانی رۆژی چوارشه‌ممه‌ به‌ره‌و شاره‌كانی دیكه‌ هه‌ڵكشێت.

وه‌ك پێشبینیشیكرد، شه‌پۆله‌كه‌ ته‌واوی ناوچه‌كان ده‌گرێته‌وه‌ و بارانه‌كه‌ به‌شێوه‌ی نمه‌باران و هه‌ندێك جار مامناوه‌ند ده‌بێت و هه‌وه‌ره‌ بروسكه‌ی زۆری له‌گه‌ڵدا ده‌بێت.

ئه‌و كه‌شناسه‌ عێراقییه‌ نووسیویه‌تی: بۆ رۆژی پێنجشه‌ممه‌ ده‌رفه‌تی دابارین زیاتر ده‌بێت و له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی پارێزگای به‌سره‌ بارانی به‌لێزمه‌ ده‌بارێت.

سه‌باره‌ت به‌ كه‌شوهه‌وای رۆژی هه‌ینیش پێشبینیی كرد، باران بوه‌ستێت، به‌ڵام هه‌ور به‌چڕی له‌ ئاسمان ده‌مێنێته‌وه‌، به‌ڵام بۆ هه‌فته‌ی داهاتوو كه‌شوهه‌وا له‌ سه‌رانسه‌ری وڵات باراناوی ده‌بێت و هه‌موو ناوچه‌كانی عێراق ده‌گرێته‌وه‌ و شه‌پۆله‌كه‌ له‌ رۆژی شه‌ممه‌ چالاك ده‌بێت و بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك تا رۆژی سێشه‌ممه‌ی هه‌فته‌ی داهاتوو به‌رده‌وام ده‌بێت.

سادق عه‌تییه‌ هۆشداری ئه‌وه‌شی دا، كه‌ له‌ زۆرێك له‌ ناوچه‌كان پێشبینی بارانی به‌لێزمه‌ ده‌كرێت و داوای له‌ هاووڵاتییان كرد، ئاماده‌كاری ته‌واوی خۆیان بۆ هه‌فته‌ی داهاتوو بكه‌ن.