سەدر هەوڵی دوورخستنەوەی مالیکی دەدات

لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە کۆدەبێتەوە
موقتەدا سەدر - نوری مالیکی
موقتەدا سەدر - نوری مالیکی

K24 - هەولێر

رێبەری رەوتی سەدر، دەیەوێت بەبێ نوری مالیکی لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە کۆببێتەوە.

سەرچاوەیەک لە نووسینگەی رێبەری سەدر بە میدیاکانی راگەیاندووە "موقتەدا سەدر، تەنیا هادى عامرى، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، قەیس خەزعەلى، ئەمینداری گشتی عەسائیب ئەهلولحەق و فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، بۆ کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی تایبەت بە پێکهێنانى حکومەت بانگهێشتکردووە، بەڵام نورى مالیکى سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای نەگرتووەتەوە. 

لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا، ئەمە دووەم کۆبوونەوەى سەدر و سەرکردەکانی چوارچێوەى هەماهەنگى دەبێت. لە کۆبوونەوەی پێشتر لە 2/12/2021، موقتەدا سەدر لە ماڵی هادی عامری لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە کۆبووەوە، لەکاتی هاتنە ژوورەوەی سەدر تەنیا تەوقەی لەگەڵ مالیکی نەکرد.

رۆژی 27/12/2021، دادگای فیدراڵی عێراق ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقی پەسند کرد و لایەنەکان پێشوازیان لە بڕیارەکە کرد و پابەندبوونی خۆیان بەو بڕیارە راگەیاند.