موقته‌دا سه‌در چوارچێوه‌ی گشتیی حكومه‌تی داهاتووی ده‌ستنیشانكرد
K24 – هه‌ولێر:
دوای په‌سندكردنی ئه‌نجامی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتیی عێراق، له لایه‌ن دادگای باڵای ئیتحادییه‌وه، هه‌وڵه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق چڕ كراونه‌ته‌وه.
موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، به به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین كورسی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌راورد به لایه‌نه‌كانی دیكه، وه‌ك براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردن هه‌وڵه‌كانی ده‌ستپێكردووه بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانی زۆرینه و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت.
ئه‌مڕۆ سه‌در، تویتێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه. له تویته‌كه‌دا به ده‌ستوخه‌تی خۆی و به قه‌ڵه‌مێكی سوور نووسیویه‌تی: "نه خۆرهه‌ڵاتی و نه خۆرئاوایی، حكومه‌تی نیشتمانیی گشتگیر".
درووشمه‌كه‌ی سه‌در، هاوشێوه‌ی ئه‌و درووشمه‌یه، كه دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ئێران، رووحوڵڵا موسه‌وی ناسراو به "خومه‌ینی" دامه‌زرێنه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران به‌رزی كردبوویه‌وه.
خومه‌ینی درووشمه‌كه‌ی له‌وه‌دا كورت هه‌ڵهێنابوو، "نه خۆرهه‌ڵاتی و نه خۆرئاوایی.. كۆماری ئیسلامی" وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كۆماره‌ی دایده‌مه‌زرێنێت نه سه‌ر به بلۆكی سۆشیالیستی خۆرهه‌ڵاتی و یه‌كێتی سۆڤیه‌ت ده‌بێت و نه سه‌ر به بلۆكی سه‌رمایه‌داری خۆرئاوایی ده‌بێت و له كۆتاییشدا خومه‌ینی هه‌ر ئه‌وه‌ی كرد و كۆماری ئیسلامی ئێرانی دامه‌زراند، كه سه‌رجه‌م پایه‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مای فیقهی جه‌عفه‌ری دوازده ئیمامی دامه‌زراون.
تا ئێستا راوێژكاره سیاسییه‌كانی ره‌وتی سه‌در و كه‌سایه‌تییه‌كانی نزیك به موقته‌دا سه‌در هیچ راڤه‌یه‌كی تایبه‌تی سرووشتی ئه‌و حكومه‌ته‌یان روون نه‌كردووه‌ته‌وه، كه بڕیاره رێبه‌ره‌كه‌یان دایبمه‌زرێنێت.
كورد و سوننه، كریستیان و توركمانه‌كان له پاڵ شیعه‌دا پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی عێراقن و به گوێره‌ی ده‌ستووری په‌سندكراوی 2005 پێویسته هیچ پێكهاته‌یه‌ك په‌راوێز نه‌خرێت.
پێشتریش رۆژی 27ی ئه‌م مانگه، سه‌در له تویتێكدا رایگه‌یاندبوو، چیدیكه چاوه‌ڕێ ناكه‌ن و دوای په‌سندكردنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی گشتیی په‌له ده‌كه‌ن له پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تدا.
ناوماڵی شیعه تا ئێستا په‌رته‌وازه‌یه و لایه‌نه شیعه‌كانی دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ره‌وتی سه‌در، كۆك نین و دابه‌ش بوون به‌سه‌ر به‌ره‌ی به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و ئابووری و مه‌جه‌عیی جیاوازدا.
ژماره‌یه‌كیش له‌و لایه‌نانه‌ی، كورسی كه‌میان به‌ده‌ستهێناوه، وه‌ك پێویست پێشوازییان له په‌سندكردنی ئه‌نجامی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتیی 10ی ئۆكتۆبه‌ر له لایه‌ن دادگای ئیتیحادییه‌وه نه‌كردووه.
هادی عامری، سه‌رۆكی كوتله‌ی هاوپه‌یمانی فه‌تح له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، ئه‌وان پابه‌ندن به بڕیاری په‌سه‌ندكردنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن دادگای باڵای فیدراڵی عێراقه‌وه.
عامری ئه‌وه‌شی وت: وێڕای ئه‌وه‌ی باوه‌ڕێكی قووڵ و بۆچوونێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌مان له‌وه‌یه، كه پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن جێگه‌ی گومانێكی زۆری ساخته‌كاری و ده‌ستكاریكردن بووه و ئه‌و تانانه‌ی پێشكه‌ش به دادگای فیدراڵیمان كردن، باوه‌ڕپێكراو و لۆژیكی و په‌سه‌ندكراو بوون. ئه‌گه‌ر ئه‌و تانانه له هه‌ر وڵاتێك پێشكه‌ش به هه‌ر دادگایه‌كی ده‌ستووری بكرابان، كه رێز له دیموكراتیه‌ت ده‌گرن، به‌شی ئه‌وه‌یان ده‌كرد بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن.
له لایه‌كی دیكه‌وه، قەیس خەزعەلی، فه‌رمانده‌ی رێكخراوی عەسائیب ئەهلولحەق گوتی: "سەرەڕاى زۆرى بەڵگەى یاسایی و ته‌كنیكی لەسەر ساختەکاری، بەڵام بەداخەوە دادگاى فیدراڵى تانەى تایبەت بە داواى هەڵوەشاندنەوەى ئەنجامى هەڵبژاردنى رەتکردەوه، به‌ڵام ئێمه پابه‌ند ده‌بین به بڕیاره‌كه‌وه.
هه‌روه‌ها کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق لە بەیاننامەیەکدا، هەریەک لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمەریکای بە دەستوەردان لە هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەری رابردوو تۆمەتبار کرد، بزووتنەوە سیاسییەکەشی "حقوق" رەتیکردەوە بەشداری لە حکومەتی داهاتووی عێراق بکەن.
رۆژی دووشەممە (27ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2021)، دادگای فیدراڵی عێراق تانەکانی دژ به ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقی رەتکردەوە و ئەنجامەکانی پەسند کرد.