وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان ئاستێکی پێوانەیی لە گەشانەوە تۆمار دەکات

وەبەرهێنان ئابووری هەرێمی کوردستان دەباتە قوناغێکی نوێ
پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون
پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون

K24 - هەولێر

ساڵی 2021 بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان ساڵێکی زێڕین بووە، بەشێوەیەک دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان  مۆڵەتی  بە 68 پڕۆژە داوە، بەگوێرەی ئامارەکان، لەماوەی ساڵی 2021 بەسەرمایەی زیاتر لە 8 ملیارو 508 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان کراوە، وەبەرهێنەران و شارەزایانیش پێشىینی دەکەن ساڵی داهاتوو ئاستەکە زیاتر بەرزببێتەوە.

ئەمساڵ بووژانەوەیەکی بەرچاوی وەبەرهێنان لە سێکتەرەکاندا بەدیکرا، پێدانی مۆڵەت بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان زیاتر کەرتی گەشتیاری و پیشەسازی لێی سوودمەندبوونە زۆرتریان سەرمایەیان تۆمارکردووە، ئەم دوو سێکتەرە لە سەرەتایەوە بە ئامانجکران، چونکە دەتوانن زۆرترین هەلی کار برەخسێنن .لە 2021 مۆڵەتی گەورەترین وەبەرهێنانی لە سێکتەری پیشەسازی دراوە، خاوەنی کارگەی ڤان ستیل، کە سەرمایەکەی دەگاتە سەرووی 315 ملیۆن دۆلار.

شوان محەمەد، یەکێکە لە وەبەرهێنەرەکانی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: "ئەمساڵ بارودۆخ لەبار بوو بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، چەندین پڕۆژە لە بوارەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵی و نیشتەجێبوون جێبەجێکران، ئەمەش بەهۆی ئەو بارودۆخەی رەخسێنراوە".

وەبەرهێنەرانی کوردستان ئەمساڵ بە ساڵی زێڕین لەرووی وەبەرهێنانەوە ناو دەبەن، هەروەها پێشبینی دەکەن بۆ ساڵی داهاتوو ژمارەی پێدانی مۆڵەتەکان زیاتر بن و هەلی نوێ برەخسێنن. وەبەرهێنان لەماوەی ئەمساڵدا پێی نایە قۆناغێکی نوێ و گرنگی زیاتر بەژێرخان دراوە. گوتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنان دەڵێت، دەستەی وەبەرهێنان کار لەسەر نەخشەی وەبەرهێنان دەکات.

مەلا یاسین، سەرۆکی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان/ لقی سلێمانی لە لێدوانیکیدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "سەرەڕای ئەو بارگرانیەی لەسەرمان بوو، هەروەها ئەو دۆخەی بەهۆی کۆرۆناوە هاتووەتە ئاراوە، بەڵام قەبارەی وەبەرهێنان زۆر باشە و لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان چاوەڕوان نەکراو بوو".

گوتیشی: "ساڵی داهاتوومان ساڵێکی زۆر باش دەبێت بۆ بواری وەبەرهێنان، لەبەر ئەوەی ئێستا هەرێمی کوردستان دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی نەخشەڕێگای وەبەرهێنان، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، بۆ ساڵی داهاتوو هەرێمی کوردستان خۆی بۆ سێکتەرەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵی و گەشتوگوزار بە شێوازێکی زۆر باش و پلانێکی پتەو ئامادە کردووە".

ئاشکراشی کرد: "هەر چوار پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ئاگادار کراونەتەوە، دەبێ زەوییە گونجاوەکان بۆ سێکتەرەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار رادەستی دەستەی وەبەرهێنان بکەن، لە ئێستاوە هەندێک لەو زەویانە رادەستکراون".

بەگوێرەی راپۆرتی ساڵانەی دەستەی وەبەرهێنان، لە ساڵی 2021، 68 مۆڵەتیان پێدراوە، پایتەختیش بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە رێژەی وەبەرهێنانی  گەیشتووەتە %90، راوێژکاری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان دەڵیت، حکومەت لەرێگەی هەموارکردنەوەی یاسای وەبەرهێنان ئابووری کوردستان دەباتە قۆناغێکی نوێ.

د. ئەرشەد تەها، راوێژکاری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان گوتی: "دەستەی وەبەرهێنان هەمواری پڕۆژەیاسای وەبەر‌هێنانی ئامادە کردووە، چاوەڕێین لە ئایندەیەکی نزیکدا لە پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆی لەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو کەموکورتیانەی هەن چارەسەریان بکەین".

کۆی سەرمایەی مۆڵەتەکانی وەبەرهێنان لە ساڵی 2021  گەیشتووەتە سەرووی 8 ملیارو 560 ملیۆن دۆلار، سەرەڕای ئەوەی کێشەی ژمارەیەک پڕۆژەی تەواو نەکراو لە 20021، چارەسەر کران.

هەر پەیوەست بەو پرسە د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بە کوردستان24ی راگەیاند: "وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی تەندروستی ناوە، لە ساڵی داهاتوو ئەو ۆپلانانەی دانراون بۆ نەخشەی وەبەرهێنان، بەتایبەتی نەخشەی وەبەر‌هێنانی بچوککراوە، لە هەردوو کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ جێبەجێ دەکرێت".

گوتیشی: "لە سەرەتای ساڵی 2022 دوو کۆنفرانسی گەورە لە بواری بەرهەمێنان ئەنجام دەدەین، کە بریتین لە کۆنفرانسی وەبەر‌هێنانی ژینگەیی کە چەندین کۆمپانیای نێودەوڵەتی و ناوچەیی و کەسایەتی بانگهێشت دەکەین، دەمانەوێت باشترین رێگاکان بۆ جێبەجێکردنی رێگاکان لەو کۆنفرانسە بخەینەڕوو هاوکات باشترین وەبەرهێنەر بۆ جێبەجێکردنیان دیاربکەین".

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، ئاشکراشی کرد: "لە مانگی ئاداری ساڵی داهاتوو بە هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و بە پاڵپشتی ئەنجومەنی وەزیران، کۆنفرانسی کشتوکاڵ دەکەین، بۆ ئەوەی رێبەری وەبەرهێنانی کشتوکاڵی و نەخشەی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی دروست بکەین".

راشیگەیاند: "ئامانجی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوە وەبەرهێنانی زیاتر لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و پیشەسازی بکات".