ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان له‌و بنكانه‌ ده‌مێننه‌وه‌

"هێزه‌ عێراقییه‌كان ده‌توانن به‌رگری له‌ خاك و هاووڵاتیانی بكه‌ن"
بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌د له‌ رۆژئاوای ئه‌نباڕ
بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌د له‌ رۆژئاوای ئه‌نباڕ

K24- هه‌ولێر:

نووسینگه‌ی فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، ساڵی داهاتوو پێویستمان به‌ بۆردوومانی هێزه‌كانی هاوپه‌یمان ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی داعش  دووباره‌ خۆیان رێك نه‌خه‌نه‌وه‌.

لیوا یه‌حیا ره‌سووڵ، گوته‌بێژی فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق رایگه‌یاند، له‌ ئێستادا هیچ هێزێكی شه‌ڕكه‌ری هاوپه‌یمانان له‌ عێراقدا نه‌ماون.

لیوا یه‌حیا ره‌سووڵ راشیگه‌یاند، ئه‌و هێزانه‌ بۆ كاری راوێژكاری و چه‌كداركردنی هێزه‌ عێراقییه‌كاندا ماون، وێڕای مه‌شقپێكردن و گۆڕینه‌وه‌ی زانیاری سه‌ربازی و هه‌واڵگری.

گوته‌بێژی فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق روونیكرده‌وه‌، ئه‌و شوێنانه‌ی راوێژكارانی هاوپه‌یمانان تێیدا ده‌مێننه‌وه‌، بنكه‌كانی (عه‌ین ئه‌سه‌د و هه‌ریر)ـه‌، جیا له‌وه‌ش له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق له‌ هه‌ماهه‌نگی به‌رده‌وام ده‌بن.

ئه‌و گوته‌بێژه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌، هێزه‌ عێراقییه‌كان ده‌توانن به‌رگری له‌ خاك و هاووڵاتیانی بكه‌ن.

یه‌حیا ره‌سوڵ سوپاسی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان ده‌كات كه‌ له‌ رابردوودا مه‌شق و راهێنانیان به‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان كردووه.

ره‌سوڵ ده‌شڵێت: " سوپای عێراق پێویستی به‌ هاوكاری راوێژی هاوپه‌یمانان له‌ بواره‌كانی مه‌شق و راهێنان و پڕچه‌ككردن و تۆڕی هه‌واڵگری هه‌یه‌، وێڕای گورزه‌ سه‌ربازییه‌كانی دژ به‌ داعش له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی عێراق، به‌تایبه‌ت سنووری نێوان عێراق و سووریا.