فه‌رمانبه‌رێكی توركیا له باكووری سووریا كوژرا
K24 – هه‌ولێر:
دیوانی ویلایه‌تی شانلی ئورفه له توركیا، رایگه‌یاند، فه‌رمانبه‌رێكی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتیی كاروباری ئاو له ئاكامی هێرشێكی چه‌كدارانی سه‌ر به په‌كه‌كه له ناوچه‌كانی ئۆپراسیۆنی سوپای توركیا له باكووری سووریا كوژراوه.
ئه‌و دیوانه روونیكردووه‌ته‌وه، ئه‌مڕۆ جه‌سته‌ی فه‌رمانبه‌ره‌كه ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه بۆ زێدی له‌دایكبوونی خۆی له شانلی ئورفه.
سوپای توركیا به هاوكاری گرووپه چه‌كدارییه‌كانی لایه‌نگری له مانگی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2019ـه‌وه هێرشێكی سه‌ربازی فراوانی له ژێر ناوی "كانی ئاشتی" كرده سه‌ر ناوچه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی رووباری فورات و توانی ده‌ست به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا بگرێت.
سوپای توركیا ئه‌و هێرشه‌ی دوای ئه‌وه ده‌ست پێكرد، كه وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و ئیداره‌ی كۆشكی سپی گه‌یشتنه رێككه‌وتن بۆ ئه‌وه‌ی توركیا ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌دا بگرێت.
توركیا زۆرێك له‌و په‌نابه‌ره سووریایانه‌ی روویان له سنووره‌كانی كردبوو، گه‌ڕاندووه‌ته‌وه و له‌و ناوچانه نیشته‌جێی كردوون كه ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتووه و دیموگرافیای ناوچه‌كه شێوێندراوه و زۆرینه‌ی ره‌ها بووه‌ته عه‌ره‌بی ئاواره و كه‌سوكاری میلیشیاكانی لایه‌نگری توركیا، له كاتێكدا ناوچه‌كان كوردیین.
سه‌رچاوه: ئه‌نادۆڵ