زیاتر لە 600 هەزار پەلەوەر لەناوبران

بەهۆی ئەنفلۆنزای باڵندەوە
مریشک و مراوی
مریشک و مراوی

K24 - هەولێر:

حکومەتی فەرەنسا لە ماوەی مانگی رابردوو، لەپێناو رێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی ئەنفۆنزای باڵندە، زیاتر لە 600 هەزار مریشک و مراوی و چەند جۆرێکی تری باڵندەی لەناوبردووە.

بە گوێرەی هەواڵێكی وێبسایتی "زە لۆکاڵ فرانس"، وەزارەتی کشتوکاڵ بڵاویکردەوە، لە 26 کێڵگەدا لە باشوری ڕۆژئاوا ڤایرۆسەکە تۆمار کراوە، جگە لەوانە 15 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە لە باڵندەی کێویدا تۆمار کراوە.

لەهەوڵێکدا بۆ وەستاندنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەرێگەی باڵندە کۆچبەرەکانەوە، حکومەتی فەرەنسا مانگی تشرینی دووەمی رابردوو فەرمانی بەجووتیاران کرد پەلەوەرەکان لەماڵەکانیاندا بهێڵنەوە.

ژمارەی ئەو پەلەوەرانەی مانگی رابردوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای باڵندەوە لە فەرەنسا لەناوبران لە نێوان 600 بۆ 650 هەزار دایە.