بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو ساڵێکی سەختی بەڕێکرد

ساڵی رابردوو دراوی چوار وڵات بێ بەهاترین دراو بوون
بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر
بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر

K24 - هەولێر

ساڵی رابردوو لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، دراوی چوار وڵاتی دراوسێ بەخراپترین دراو دەستنیشان کران، بەدرێژایی ئەو ساڵە لیرەی تورکی، لوبنانی، سووری و توومەنی ئێرانی لە داکەوتندا بوونە، تاوەکو ئێستاش بەهاکانیان بەرامبەر دۆلار ناجێگیرە، مامەڵەکارانی دراو لە هەولێر دەڵێن: ئەمساڵ بۆ بازاڕەکەیان وشکەساڵی بووەو ژمارەیەکی زۆریش زەرەریان کردووە.

سەرەڕای ناسەقامگیری لیرە و توومەن، کەچی خواستیان هەر لەسەرە، وەک مامەڵەکارانی بازاڕی دراو دەڵێن، زۆرترین مامەڵەی بازرگانی دوای دۆلار، لیرەی تورکی توومەنی ئێرانییە، چونکە زۆرترین هاوردە لە تورکیا و ئێرانەوە دەکرێت.

سەمەد خدر، یەکێکە مامەڵەکارانی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر، بە کوردستان24ی گوت: "ساڵی 2021 لیرەی تورکی، لیرەی سووری، لیرەی لوبنانی و توومەنی ئێرانی خراپترین دراو بوون، بەتایبەتی لیرەی تورکی داکەوتنی بەرچاوی تۆمار کرد".

بازاڕی دراوەکان، ساڵی 2021 سەخترین دۆخیدا تێپەڕاندووە، دۆلار بەرامبەر دیناری عێراق و لیرەی تورکی و لوبنانی و سووری و توومەنی ئێرانی گەیشتە بەرزترین ئاست، بەشێکی زۆری مامەڵەکار و بازرگان ترسیان لێ نیشتووە، بەشێکی دیکەشیان لە مامەڵە لەو دراوانە دوور کەوتوونەتەوە.

سەعدی عەلی، مامەڵەکاری دراوە لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر ئەو دەڵێ: "بازاڕی دراو لە ساڵی 2021 بە گشتی  خراپ بوو بەراورد بە ساڵانی پێشتر، لەبەر ئەوەی زۆر لە دراوەکان بەهایان بەرامبەر دۆلار لە دەستدا، ئەمەش بەهۆی بوونی کێشە لەو وڵاتانە".

بەهای دۆلاری ئەمەریکی، بەرامبەر دراوەکانی هەریەک لە عێراق، تورکیا، ئێران، سووریا، لوبنان و ئێران لە بەرزبوونەوەیە، بەدێژایی ساڵی 2021، بەکاریگەری ناجێگریان نرخی کاڵاکانی بەرزکردووەتەوە، ئەمەش بە پلەی یەکەم بەکاربەر لێی زیانمەند بوونە.