کازمی شۆڕشی هەلی کاری نوێ رادەگەیەنێت

هەزاران پلەی وەزیفی نوێ لە چوارچێوەی دەزگای کارگێڕی دەوڵەت دەخەنەڕوو
مستەفا كازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق
مستەفا كازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق

K24 - هەولێر

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هەزاران پلەی وەزیفی نوێ لە چوارچێوەی دەزگای کارگێڕی دەوڵەت دەخەنەڕوو، کە ئامانج لێی دابینکردنی دەرفەتی کاری نوێیە بۆ گرێبەستەکان،و بە هەمیشەیی کردنیان.

ئەوەش دوای داواکاری گرێبەستەکان دێت، کە ژمارەیان هەزاران کەسە و داوای دامەزراندن دەکەن، بە واتای ئەوەی پلەکانیان بەرزبکرێتەوە و گەرەنتی خانەنشین بوونیان بدرێت.

بۆ ئەمەش ئەنجومەنی وەزیران، نزیکەی 7 هەزار پلەی وەزیفی نوێی لە سەرجەم وەزارەتەکان راگەیاند، تاوەکو لە رێگەیەوە جێگەی فەرمانبەرە گرێبەستەکان بکرێتەوە و بکرێنە فەرمانبەری هەمیشەیی.

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، پڕۆژەی پەڕاوی چاکسازی قازانجی گەورەی دارایی بۆ دەوڵەت گەڕاندووەتەوە، هەروەها پەرەی بە پڕۆژەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی داوە، سەرەڕای ئەوەش داهاتی دەڵەتی زیادکردووە و یەدەگیشی بەرزکردووەتەوە، لە رێگەی پەڕاوی چاکسازییەوە 12 ملیار دۆلار لە یەدەگی دراوی بیانی لە عێراق زیادیکردووە، هەروەها پلەبەندی ئابووری عێراقیشی لەسەر ئاستی وڵاتان بەرزکردووەتەوە.