ئیمارات پڕۆژەیەکی رێگەی زەمینی بە ناو خاکی عێراق پێشکەش بە تورکیا دەکات

"ئیمارات دەیەوێت رێچکەی گواستنەوەی کاڵاکان لە ئێرانەوە بۆ عێراق بگۆڕێت"
هێڵێكی گواستنه‌وه‌ی بازرگانی نوێ له‌نێوان ئیمارات و توركیا ده‌كرێته‌وه‌
هێڵێكی گواستنه‌وه‌ی بازرگانی نوێ له‌نێوان ئیمارات و توركیا ده‌كرێته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

مەولوود چاوش ئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەیان بە شێوەیەکی ئەرێنی لە دەستپێشخەری ئیمارات دەڕوانێت، کە رێگەیەکی زەمینی لە نێوان هەر دوو وڵات دروستبکرێت و بە ناو خاکی عێراقدا تێپەڕێت.

وەزیری دەرەوەی تورکیا روونیكرده‌وه‌، پێشوازیان لەو دەستپێشخەرییەی ئیمارات کردەوە، لەو بارەیەوە دەستیان بە دانوستاندنەکەیان کردووە، هیواخوازن گرێبەستی ئەو پڕۆژەیە لە سەردانی "رەجەب تەیب ئەردۆغان"، سەرۆکی تورکیا بۆ ئیمارات لە مانگی شوباتی داهاتوو واژۆ بکرێت.

گوتیشی: ئیمارات دەیەوێت رێچکەی گواستنەوەی کاڵاکان لە ئێرانەوە بۆ عێراق بگۆڕێت، چونکە مەودای هاتووچۆی بارهەڵگرەکان کورتترە، ئاماژەی بەوەشدا دەتوانن کاتێکی زیاتر بگەڕێننەوە ئەگەر لەو هێڵە نوێیە هێڵی شەمەندەفەر دروست بکەن.

روونیشیکردەوە، کە ئەگەر بارێک لە ئیستانبوڵ بەرەوە ئیمارات لە رێگەی دەریاوە بگوازرێتەوە 25 تاوەکو 28 رۆژ دەخایەنێت، بەڵام ئەگەر لە رێگەی زەمینیەوە بێت؛ 10 رۆژ دەخایەنێت، سەرەڕای ئەوەش بەشێک لە خەرجی پێناسی گومرگی کەم دەبێتەوە.