9 هاووڵاتی کورد دوای چوار مانگ ئازاد کران

K24 - هەولێر
ئەو 9 هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە چوار مانگ لەمەوبەر لە لایەن پۆلیسی تورکیاوە رادەستی هێزە ئیسلامییەکانی سەر بەم وڵاتە لە سووریا کرابوون ئازاد کران، بڕیارە ئەمڕۆ بگەڕێنەوە رۆژهەڵاتی کوردستان.
سەعید خەتیبزادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئەم 9 هاووڵاتییە لە چوارچێوەی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو حکومەتی ئێران و تورکیادا ئەمڕۆ لە سنووری رازیی پارێزگای ورمێ ـەوە دەگەڕێنەوە ئێران".
خەتیبزادە، گوتیشی "باڵیۆزەکانی ئێران لە تورکیا و سووریا، هەروەها باڵیۆزخانەکانی ئەم دوو وڵاتە لە تاران بۆ گەڕانەوەی ئەم 9 کەسە هاوکاریی بنەماڵەکانیان کردووە".
ئەو 9 هاووڵاتییە کوردە کە خەڵکی شاری پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستانن، پاش ئەوەی لە تورکیا دەستبەسەر کرابوون، خۆیان وەک کوردی رۆژئاوای کوردستان ناساندبوو، بۆیە لە لایەن پۆلیسی تورکیاوە رادەستی ئەو هێزە چەکدارە سووریانە کرابوون، کە سەر بە تورکیان و کۆنترۆڵی بەشێک لە باکووری رۆژئاوای سووریایان بە دەستەوەیە.