مزگەوتێکی مێژوویی کوردستان مەترسی داڕوخانی لەسەرە

سەردەمێک قوتابخانە بووە و رۆژنامەیەکیش لەناو مزگەوتەکە چاپ و بڵاوکراوەتەوە
مزگەوتی گەورەی خورماڵ
مزگەوتی گەورەی خورماڵ

K24 - هەڵەبجە

مزگەوتی گەورەی خورماڵ، جگە لەوەی ناوەندێکی ئایینی گرنگە، لە هەمانکاتدا ناوچەیەكی شوێنەواریشە لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە، ساڵانە ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیاران سەردانی دەكەن، بەڵام ئێستا ئەو مزگەوتە مێژووییە بەھۆی فەرامۆشكردن و نۆژەن نەكردەنەوەی مەترسی داڕوخانی لەسەرە.

عەلی بانیشاری، شوێنەوارناس بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەم مزگەوتە پێویستی بەوەیە بەپەلە نۆژەن بکرێتەوە، چونکە بەهۆی رووداوە سرووشتییەکان زیانی زۆری پێکەوتووە".

گوتیشی: "جاڕێک مزگەوتەکە نۆژەنکراوەتەوە، بەڵام دوای نۆژەنکردنەوەی بوومەلەرزە لە سنوورەکە روویدا و دەرزی گەورە کەوتووەتە بیناکە، ئێستا بەشێوەیەکی کاتی راگیراوە، ئەگەر بوومەلەرزەیەکی دیکە رووبدات تەواوی مزگەوتەکە دادەڕوخێت".

مێژووی مزگەوتی گەورەی خورماڵ، بۆ سەرەتای دروست بوونی ئیسلام دەگەڕێتەوە، زۆرێک لە مامۆستا و زانایانی ئایینی کوردستان لەم مزگەوتە خوێندویانە. پێشنوێژو وتار خوێنی مزگەوتەکەش دەڵیت، مزگەوتەکە مێژووی کوردستانە و نابێت لەوە زیاتر پشتگوێ بخرێت.

عەبدوڵڵا حەمەموراد، پێشنوێژ و وتار خوێنی مزگەوتی گەورەی خورماڵ بە کوردستان24ی گوت: "مزگەوتی گەورەی خورماڵ مێژووی هەموو کوردستانە، چونکە یەکێکە لە مزگەوتەکانی سەرەتای دروستبوونی ئیسلام، بۆیە پێویستە نۆژەن بکرێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد: "ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران کە روو دەکەنە ناوچەکە سەردانی ئەم مزگەوتە دەکەن".

راشیگەیاند: "لە ساڵی 2012 تا 2014 پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکە جێبەجێکرا، بەڵام وەکو پێویست نەبوو، ئەو کەرەستانەی پێویست بوو لێی بەکارنەهێنرا، لەکاتی خۆیشی زۆر گلەییمان لێکردن و داواشمان لە بەشی شوێنەوار کرد پڕۆژە وەرنەگیرێت".

بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان، دروستکردنی مزگەوتی گەورەی خورماڵ بۆ ساڵی 18 کۆچی دەگەڕێتەوە، ژمارەیەكی زۆر لە گەڕیدە مێژوونووسەکانی عەرەب سەردانی ئەم مزگەوتەیان کردووە، بەناوەندێکی گرنگیان وەسف کردووە، یەکەم قوتابخانەی خورماڵ لەم مزگەوتەدا بووە یەکەمین رۆژنامەی خورماڵ هەر لەم مزگەوتە چاپ و بڵاوكراوەتەوە.