مەكگۆرك خۆشحاڵی بە كردنەوەی خاڵی سنووری پێشابوور و سێمالكا دەردەبڕێت

لەسەر راسپاردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەروازەكە كرایەوە

K24 - ھەولێر

نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا خۆشحاڵی حکوومەتی ئەمریکای راگەیاند لە کردنەوەی خاڵی سنووری پێشابوور و سێمالکا لەنێوان باشوور و رۆژئاوای کوردستان.

برێت مەکگۆرك، نوێنەری، باراك ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا بۆ ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لەشەڕی دژی داعش لە ھەژماری تایبەتی خۆیی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، لە تویتێکدا نووسیوویەتی خۆشحاڵین بەکردنەوەی خاڵی سنووری نێوان کوردستانی عێراق و باکوری سووریا تاوەکو کۆمەکی مرۆیی و ھاموشۆی بازرگانی دەست پێبکاتەوە کە زۆر پێویستن بۆ ناوچەیە.

رۆژی سێشەممە، 7ی حوزەیران لەسەر راسپاردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەروازەی سنووری پێشابوور سێمالکا، بە فەرمی کرایەوە، کە لەو رێگایەوە ھاوکاری تەندروستی و مرۆیی دەگەیێندرێتە رۆژئاوای کوردستان.