بۆچی هه‌ندێك كه‌س تووشی كۆرۆنا نابن؟

زانایان توێژینه‌وه‌ له‌سه‌ر خوێنی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ن
زانایان توێژنه‌وه‌ له‌سه‌ر خوێنی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ تا ئێستا تووشی كۆرۆنا نه‌بوون
زانایان توێژنه‌وه‌ له‌سه‌ر خوێنی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ تا ئێستا تووشی كۆرۆنا نه‌بوون

K24 - هه‌ولێر:

زانایان خه‌ریكی توێژینه‌وه‌یه‌كن له‌سه‌ر ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی له‌ كه‌رتی ته‌ندروستی كار ده‌كه‌ن، به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ به‌ركه‌وته‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌بن، به‌ڵام تا ئێستا تووشی كۆرۆنا نه‌بوون.

به‌ گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی "ده‌یلی مه‌یل"ی به‌ریتانی، زانایان پێیانوایه‌ ده‌بێت به‌ڵگه‌ی زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ كۆبكرێنه‌وه‌، كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی سرووشتی به‌رگرییان به‌رامبه‌ر به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا و گۆڕواوه‌كانی دروستكردووه‌.

زانایان به‌و هیوایه‌ن بتوانن وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ بده‌نه‌وه‌، كه‌ له‌ هزریان درووست بووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ یارمه‌تیده‌ری درووستكردنی ڤاكسینێك تا به‌ره‌نگاری كۆرۆنا و گۆڕاوه‌كانی ببێته‌وه‌.

زاناكانی بواره‌كه‌ خه‌ریكی توێژینه‌وه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و جیناته‌ جیاوازانه‌ی، كه‌ ره‌نگه‌ وای له‌ هه‌ندێك كه‌س كردبێته‌وه‌، كه‌ به‌رگه‌ی په‌تای كۆرۆنا بگرن، بۆیه‌ له‌ كۆلیژی له‌نده‌ن-ی زانكۆیی زاناكان سامپڵیان له‌ خوێنی كارمه‌ندانی چاودێری ته‌ندروستی وه‌رگرتووه‌، كه‌ تا ئێستا تووشی كۆرۆنا نه‌بوون، سامپڵه‌كانیان خستووته‌ ژێر توێژینه‌وه‌.

لیزا ستوكویل، (ته‌مه‌ن 34 ساڵ) خانمه‌ په‌رستارێكه‌، له‌ ساڵی 2020ـه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ پێشوازی له‌ تووشبووانی كۆرۆنا ده‌كات، به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆی تووشی كۆرۆنا بووبێت، به‌ڵام هاوكاره‌كانی له‌ نه‌خۆشخانه‌ تووشی كۆرۆنا بوون.

لیزا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، تا به‌ر له‌وه‌ی ڤاكسینی كۆرۆنا له‌ كۆتایی ساڵی 2020 وه‌ربگرێت، پشكنینی بۆ خوێنی كردووه‌ و ده‌ركه‌وتووه‌، هێشتا ته‌نۆچه‌كانی به‌رگری نیگه‌تیڤ بوون. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، پێشبینیم ده‌كرد ئه‌نجامی پشكنینه‌كه‌م پۆزه‌تیڤ بێت، به‌ڵام تووشی كۆرۆنا نه‌بووم، نه‌مزانیوه‌ خاوه‌نی به‌رگرییه‌كی به‌هێزم، یان كاره‌كه‌ به‌جۆرێكی دیكه‌یه‌.

نه‌سیم فروغی (ته‌مه‌ن 46 ساڵ) خانمه‌ په‌رستارێكه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی "پاراسۆلومیۆ" له‌ ناوه‌ڕاستی له‌نده‌ن، هه‌مان چیرۆكی لیزای هه‌یه‌، پشكنین بۆ خوێنی كراوه‌ و هه‌رگیز تووشی كۆرۆنا نه‌بووه‌، له‌كاتێكدا له‌ هێڵی پێشه‌وه‌ی پێشوازیكردنی تووشبووانی كۆرۆنا بووه‌.

ئه‌و حاڵه‌تانه‌ وای له‌ زانایانی بواره‌كه‌ كردووه‌، توێژینه‌وه‌ له‌سه‌ر چۆنیه‌تی به‌رگری ئه‌و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی بكه‌ن، كه‌ هه‌رگیز ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ له‌شیان نه‌گوازراوه‌ته‌وه‌.