نزیکەی 147 هەزار گەشتیار بۆ سەری ساڵ هاتوونەتە هەرێمی کوردستان

زۆربەیان لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتوون
دیمەنێکی چیای کۆڕەک لە سنووری قەزای رواندز
دیمەنێکی چیای کۆڕەک لە سنووری قەزای رواندز

K24 - هەولێر

بەگوێرەی ئاماری دەستەی گەشتوگوزار، نزیکەی 147 هەزار گەشتیار بۆ پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.

نادر روستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی رایگەیاند: "بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکانی پێشوازیکردن لە ساڵی 2022 و گەشتکردن بۆ شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان و بەسەربردنی کاتێکی خۆش، لە ماوەی 7 رۆژ، واتا لە 25ی مانگ تاکو 31/12/2021، نزیکەی 147 هەزار گەشتیار هاتووتەنە هەرێمی کوردستان".

وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار روونیکردەوە: "لەم ماوەیەدا هاتنی گەشتیاران بۆ شارەکانی کوردستان بەمشێوەیە بووە: 76 هەزار و 550 گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە، هەروەها 31 هەزار و 614 گەشتیار روویان کردووەتە پارێزگای سلێمانی و 38 هەزار و 734 گەشتیاریش چوونەتە پارێزگای دهۆک، کە کۆی گشتی 146 هەزار و 898 گەشتیار بووە".

ئاماژەی بەوەشدا: "بەهۆی کۆرۆنا هاتنی گەشتیاران لە دوو ساڵی رابردوودا ژمارەی گەشتیاران کەمبوو، بەڵام ئەمساڵ زیادیکردووەتەوە".

نادر روستی، راشیگەیاند: "زۆربەی ئەو گەشتیارانەی بۆ پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ هاتوونەتە هەرێمی کوردستان لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتوون".

ئەمە لە کاتێکدایە بەهۆی سەقامگیری هەرێمی کوردستان و بەردەستبوونی ڤاکسین لەمساڵەدا کەرتی گەشتیاری بوژانەوەی بەخۆیەوە بینیووە و لە هەرێمی کوردستانیش گرنگی تایبەت بە گەشتیاری زستانە دەدرێت و دەستەی گەشتوگوزار پلانی تایبەتی هەیە بۆ راکێشانی زیاتری گەشتیاران.