زۆربەی پەنابەران لە تورکیا بە قاچاخ کار دەکەن

لە بەرامبەر پارەیەکی کەمدا کاردەکەن بۆ ئەوەی بژین
دوو پەنابەری کورد لەکاتی کارکردن لە ئەنقەرە
دوو پەنابەری کورد لەکاتی کارکردن لە ئەنقەرە

K24 - ئەنقەرە

ژمارەیەکی زۆری پەنابەران لە وڵاتی تورکیا بە قاچاخ کاردەکەن و لە بەرامبەردا پارەیەکی زۆر کەم وەردەگرن، ئەوان رۆژانە نزیکەی 12 بۆ 15 کاتژمێر کار دەکەن تا پارەی نیوە رۆژێکی هاووڵاتییەکی تورک وەربگرن.

فەرحناز ساڵحی، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە وەک پەنابەر لە تورکیا دەژیت، ئەو ماوەی پێنج مانگە لە یەکێک لە چێشتخانەکانی ئانقەرە لەگەڵ کوڕەکەی بە قاچاخ کاردەکەن، ناچارن بۆ بژێوی ژیانیان بە شێوەی قاچاخ بەردەوام بن، لەگەڵ هەموو ئەو مەترسیانەی کە رەنگە رووبەڕوومان ببێتەوە، داهاتی رۆژانەی ئەوان 100 لیرەی تورکیە کە دەکاتە 12500 دیناری عێراقی.

فەرحناز، بە کوردستان24ی گوت: "لەکاتی کارکردنمان هەر کاتێک پۆلیس دێت دەبێ خۆمان بشارینەوە، چونکە ئەگەر بزانن بەبێ مۆڵەت کار دەکەین سزامان دەدات".

پەنابەرێکی دیکەی کورد بەناوی کاوان جەعفەری لە ئەنقەرە دەڵێت: "لە باشترین حاڵەتدا دەبێ خاوەنکار بیمەی کارمان بۆ وەرگرێت دەتوانین بە ئاشکرا کاربکەین، ئێستا کە بەبێ مۆڵەت کار دەکەین هەر کاتێک حکومەتی تورکیا بزانێت رەنگە هەر لەم وڵاتە دەر بکرێین".

سەوگەند سەفایی، لەوڵاتی ئیران پارێزەر بووە و ماوەی 5 ساڵە لە تورکیا گیری خواردووە، ئێستا لە بەردەرگای یەکێک لە چێشتخانەکاندا کار دەکات. کاری ئەو بانگکردنی خەڵکە بۆ ناو خواردنگەکە، ئەگەر نەتوانێت کڕیار رازی بکات و بیانباتە ژوورە ئەوە لە لایەن خاوەن کارەکەیەوە سەرکۆنە دەکرێت، زۆر جاریش لەبەر ئەوەی نەیتوانیوە خەڵکێکی زۆر رازی بکات لە کرێی رۆژانەکەی کەمدەبێتەوە. سەوگەند یەکێکە لە قوربانیەکانی دەستی قاچاخچی کە دەیان هێنێتە تورکیا بە مەبەستی بەرێکردنیان بۆ ئەوروپا، بەڵام پارەیەکی زۆری لێدەخوات وهەڵدێت.

سەوگەند، بۆ کوردستان24 گوتی: "قاچاخچییەک ئێمەی هێنایە ئێرە بۆ ئەوەی لێرەوە بمانباتە ئەوروپا، بەڵام پارەکەی لێ خواردین و ئێمەی لە تورکیا جێهێشت، ئێستا بە ناچاری لێرە کاردەکەین، لە راستیدا کارکردن لێرە زۆر زەحمەتە، زیاتر لە 12 کاتژمێر کاردەکەین هەندێک جار پارەکەشمان پێنادەن، بەتایبەتی ئەو رۆژانەی ئیش نییە خاوەنکار پارەی ئێمە نادات و ناشتوانین هیچ بڵێین".

بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان 3 ملیۆن و 700 هەزار پەنابەر لە وڵاتی تورکیا دەژین، سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگانەی کە رووبەڕووی پەنابەران دەبێتەوە، بەڵام هێشتا زۆر لە پەنابەران بە ئومێدی گەیشتنیان بە وڵاتانی ئەوروپا دەیانەوێت لە تورکیا بمێننەوە.