شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا: راكان جبووری باجی تاوانه‌كانی ده‌دات

K24 – هه‌ولێر:
شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، كاندیدی ده‌رچووی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له شاری كه‌ركووك، رایگه‌یاند، زمانی كوردیی له ده‌ستووردا فه‌رمییه و لابردنی زمانی كوردی له‌سه‌ر تابڵۆكان پێشێلكاری ده‌ستوورییه و راكان جبووری باجی تاوانه‌كانی ده‌دات و ته‌نیا یه‌ك مانگی ماوه و ده‌بێت كه‌ركووك به‌جێبهێڵێت.
له میانی به‌شداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كوردستان24، ئێواره‌ی رۆژی یه‌كشه‌ممه (2ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایری 2022) شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، له باره‌ی ره‌وشی كه‌ركووكه‌وه گوتی: دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه ره‌وشی كه‌ركووك رۆژ به رۆژ خراپتر ده‌بێت و ئه‌وه‌ی ئێستا رووده‌دات درێژكراوه‌ی عه‌قڵی شۆڤینییه.
گوتیشی: له دوای گۆڕینی تابڵۆ كوردییه‌كان ئێمه هاتینه سه‌ر هێڵ و په‌یوه‌ندیمان له لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه كرد و یاریده‌ده‌ری پارێزگاری كه‌ركووك په‌یوه‌ندی پێوه كردم و وتی بێتاوانین و منیش پێم وتوون ئه‌گه‌ر ئێوه بێ‌تاوانن ده‌بێت روونی بكه‌نه‌وه و بۆیه ئیداره‌ی پارێزگا به‌یاننامه‌ی ده‌ركرد و بێ ئاگایی خۆی ده‌ربڕی.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئه‌و كاندیده ده‌رچووه، باسی له‌وه كرد، له رووی زه‌وی و زاریشه‌وه كێشه بۆ جووتیارانی كورد له سنووری كه‌ركووك و ناوچه‌كانی مادده‌ی 140 درووست ده‌كرێت و به‌ڕێوبه‌ری كشتوكاڵی كه‌ركووك به وه‌كاله‌ت دانراوه و ده‌ستێكی خراپی هه‌یه له دژایه‌تیكردنی جووتیارانی كورد.
له باره‌ی راكان جبووری، پارێزگاری كه‌ركووكیشه‌وه، گوتی: ئه‌گه‌ر راكان نه‌بێت، خه‌ڵكی دیكه نایكات، راكان بێگومان باجی هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ی ده‌دات له كه‌ركووك كردوونی.
شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا نموونه‌ی به‌وه‌ش هێنایه‌وه، راكان نووسراوێكی كردووه بۆ كه‌سێكی خه‌ڵكی ره‌بیعه و له عه‌شیره‌تی شه‌ممه‌ره و رایسپاردووه بچێته گوندی په‌ڵكانه له سنووری سه‌رگه‌ڕان و له‌وێ له سه‌ر ماڵی هاووڵاتییه‌كی كورد به ناوی فه‌رهاد نیشته‌جێ بێت. ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی یاسایه و نووسراوی فه‌رمی لیژنه‌ی مادده‌ی 140 هه‌یه، كه پارێزگاری ئاگادار كردووه‌ته‌وه، ئه‌و كه‌سه قه‌ره‌بووی وه‌رگرتووه و خه‌ڵكی ئه‌وێ نییه. ئه‌م به‌ڵگانه‌مان به ده‌سته‌وه‌یه و رووبه‌ڕووی یاسای ده‌كه‌ینه‌وه.
شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا له باره‌ی چاره‌نووسی راكان جبوورییه‌وه گوتی: به گوێره‌ی یاسای خولی ئه‌مجاره‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، یه‌ك مانگ له‌به‌رده‌م راكاندا هه‌یه و ده‌بێت تا 9ی شوبات كه‌ركووك به‌جێ بهێڵێت.
روونیشیكرده‌وه، به گوێره‌ی یاساكه له رۆژی یه‌كشه‌ممه 9ی كانوونی دووه‌م، كه واده‌ی دانیشتنی نوێنه‌رانه، تا 9ی شوبات، راكان جبووری ماوه‌ی له‌به‌ر ده‌سته و ئه‌گه‌ر نا فه‌سڵ ده‌كرێت و پێویستیشه پارتی و یه‌كێتی به په‌له رێك بكه‌ون له‌سه‌ر كه‌سێك و دواتر له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی دیكه قسه بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سێك دابنرێت شاره‌كه به‌ڕێوه‌به‌رێت تا هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان. پێویسته به په‌له كورد كاندیدی خۆی یه‌كلا بكاته‌وه و له‌گه‌ڵ توركمان و عه‌ره‌ب بگه‌نه رێككه‌وتن و رێگه نه‌ده‌ن دوای راكان كه‌سێكی دیكه درێژه به سیاسه‌ته‌كانی بدات.