گوته‌بێژی هاتووچۆی هه‌ولێر: ئۆتۆمبێلی به‌كارهاتوو له رێگه‌ی سۆناره‌وه پشكینی بۆ ده‌كرێت
K24 - هه‌ولێر:
موقه‌ده‌م فازڵ حاجی، گوته‌بێژی پۆلیسی هاتووچۆی هه‌ولێر له كوردستان24ی راگه‌یاند، له‌مه‌ودوا له رێگه‌ی ئامێری سۆناره‌وه پشكنین بۆ ئه‌و ئۆتۆمبێله به‌كارهاتووانه ده‌كرێت، كه له دوبه‌ی یان له ئه‌مه‌ریكاوه بۆ هه‌رێمی كوردستان هاتوون.
فاڵ حاجی گوتی: پێشتر پشكنینی ئۆتۆمبێلی به‌كارهاتوو له رێگه‌ی چاوه‌وه ده‌كرا، به‌ڵام له‌مه‌ودوا پشكنینه‌كه له رێگه‌ی ئامێری سۆناره‌وه ده‌كرێت، كه له نیو خوله‌كدا زیاتر له 1200 وێنه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه ده‌گرێت، بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت تا چه‌ند ئه‌و ده‌ستكاریكردنه گونجاوه.
گوتیشی: پشكنینی به‌و ئامێره، بۆ ئه‌و ئۆتۆمبێله به‌كارهاتووانه‌ی پێشتریش ده‌كرێت، كه له پشكنین ده‌رنه‌چووبوون، هه‌رچه‌نده له توانای دایه رۆژانه زیاتر له 100 ئۆتۆمبێل بپشكنێت، به‌ڵام دوێنێ 56 ئۆتۆمبێلی به‌كارهاتوو هاتبوون و پشكنینیان بۆ كراوه، كه پێشتر له پشكنین ده‌رنه‌چووبوون، 24 له‌و ئۆتۆمبێلانه له پشكنینی سۆنار ده‌رچوون و ده‌كرێت ژماره‌یان پێبدرێت.
گوته‌بێژی هاتووچۆی هه‌ولێر روونیكرده‌وه، ئه‌و ئامێره له هه‌ولێر به‌كارده‌هێنرێت، ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتووبێت؛ ئه‌وا له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی هاتووچۆی شاره‌كانی دیكه‌ش به‌كارده‌هێنرێت.