بابل.. دانپێدانانی 13 تۆمەتبار لە رووداوەکەی ناحیەی جیبەلە پەسەندکرا
K24 - ههولێر:
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق رایگەیاند، دادگای لێکۆڵینەوەی شاری حیللە، دانپێدانانی 13 تۆمەتباری لە تاوانی کوشتنی 20 کەسی یەک خێزانی لە ناحیەی جیبەلە پەسەند کردووە.
نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق بڵاویکردەوە، کە دادوەریی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە تاوانی کوشتنی 20 کەسی یەک خێزان لە ناوچەی رەشایید سەر بە ناحیەی جیبلە، دانپێدانانی 13 تۆمەتباری تاوانەکەی پەسەند کردووە، کە بریتین لە (9) ئەفسەر، (3) کارمەندی ئەمنیی و ئەو کەسەش، کە زانیاری ناڕاستی بە لایەنە پەیوەندیدارەکان دابوو.
ئاماژه بهوهش كراوه، لە میانی لێکۆڵینەوەکان کە لەگەڵ تۆمەتبارەکاندا ئەنجام دراون، دەرکەوتووە ھۆکاری رووداوەکە لەسەر بنەمای زانیاری ناڕاست بووە، کە لەلایەن برازای کەسە کوژراوەکە، کە ھاوسەری کچەکەیەتی، بە لایەنە پەیوەندیدارەکان درابوو، ئەوەیش لە ئەنجامی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی کە لەنێویاندا ھەبووه.
به گوێرهی زانیارییهكانی دادگا، ئهو كهسه زانیاری ناڕاستی بە ھێزە ئەمنییەکان داوه، كه دوو تیرۆریستی داواکراو لە ماڵهكهدا ههبووه، خۆیان حەشارداوە و دواتر ھێزە ئەمنییەکان لەسەر بنەمای ئەو زانیارییە ھەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی کوژراوەکە.
باس لەوەش کراوه، چوار فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبارانی دیکە لە رووداوەکە دەرکراون، ھەروەھا لێکۆڵینەوەکانیش لەوبارەیەوە بەردەوامن و بەپێی لێکۆڵینەوە بەراییەکان، رووداوەکە رووداوێکی تاوانکارییە.
پێشتریش بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لیوا سەعد مەعن رایگەیاندبوو، کە لە میانی لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکەی ناحیەی جیبەلە تا ئێستا 14 تۆمەتبار دەستگیرکراون.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە میانی ھەوڵی ھێزە ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنی دوو "تۆمەتبار" کە بەپێی ماددەی "چواری تیرۆر" داواکرابوون لە ماڵێکدا لە ناحیەی جیبەلە باکووری پارێزگای بابل، خاوەن ماڵەکە "تەقەی" لە ھێزە ئەمنییەکان کرد.
دواتر ھێزە ئەمنییەکان گەمارۆی ماڵەکەیان دا و لە شەڕ و پێکدادان لەنێوان ھێزە ئەمنییەکان و "داواکراوەکان"دا روویدا. لە ئاکامی شەڕ و پێکدادانەکەی نێوان ھێزە ئەمنییەکان و "داواکراوەکان"دا، 20 کەس کە سەربە یەک خێزان بوون، کوژران کە لەنێویاندا شەش منداڵ ھەن.
لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران "مستەفا کازمی"، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی بە ھەماھەنگیی لەگەڵ دادگای تێھەڵچوونەوەی پارێزگای بابل لێکۆڵینەوەی لەبارەی رووداوەکە دەست پێ کردووە.
هەروەها رۆژی ھەینی رابردوو ھەر لەسەر کوژرانی 20 کەسەکە لە ناحیەی جیبەلە بە بڕیاری "عوسمان غانمی"، وەزیری ناوخۆی عێراق، لیوا عەلی شممەری، بەڕێوەبەری پۆلیسی بابل، لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و لە شوێنی ئەو، لیوا خالید تورکی دەستنیشان کرا.