زنجیره‌یه‌كی دیكه‌ی كۆرۆنا له باشووری فه‌ره‌نسا ئاشكرا كرا

K24 - هه‌ولێر:
زانایانی فه‌ره‌نسا رایانگه‌یاند، دوای ئۆمیكرۆن، زنجیره‌یه‌كی دیكه‌ی كۆرۆنا له باشووری ئه‌و وڵاته ئاشكرا كراوه، كه پێشتر تووشبووه‌كان له وڵاتی كامیرۆنه‌وه هاتوونه‌ته فه‌ره‌نسا.
به گوێره‌ی راپۆتێكی "hindustantimes"، جۆرێكی دیكه‌ی كۆرۆنا له‌لایه‌ن زانایانی په‌یمانگه‌ی نه‌خۆشییه گوزاراوه‌كان (IHU)له مارسیلیا له ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌یه‌كدا ئاشكرا كراوه، كه هه‌ر به ناوی ئه‌و په‌یمانگه‌یه ناویان ناوه.
به گوێره‌ی توێژینه‌وه‌كه، له تاقیگه‌دا خوێنی 12 كه‌س له دانیشتووانی شاری مارسیلیای باشووری فه‌ره‌نسا خراوه‌ته ژێر شیكردنه‌وه، ده‌ركه‌وتووه، ئه‌و ته‌نۆچكانه‌ی له زنجیره گۆڕاوه‌كانی كۆرۆنا هه‌بووه، پێكهاته‌یه‌كی نه‌ناسراوی تێدابووه.
ئاماژه به‌وه‌ش كراوه، یه‌كه‌مجار ئه‌و جۆره نوێیه‌ی كۆرۆنا له مانگی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2021 ئاشكرا كراوه، كاتێك چه‌ند كه‌سێك له وڵاتی كامیرۆنه‌وه گه‌ڕاونه‌ته‌وه، دوای ئه‌وه جۆره‌ی كۆرۆنا تێبینی كراوه و به كۆدی "B.1.640.2" جیاكراوه‌ته‌وه.
به گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی زاناكانی په‌یمانگه‌كه ئاشكرایان كردووه، ئه‌و جۆره نوێیه‌ی كۆرۆنا شیكردنه‌وه‌ی جیناتی ڤایرۆسی بۆ كراوه و ده‌ركه‌وتووه، 46 ته‌نۆچكه‌ی تێدابووه، هه‌ر بۆیه له‌وه دڵنیابوونه‌ته‌وه، كه دوای ئۆمیكرۆن، ئه‌وه جۆرێكی نوێیه و ناویان ناوه "IHU"، له‌سه‌ر ناوی په‌یمانگه‌كه.
ئۆلیڤیه ڤیران، وه‌زیری ته‌ندروستی فه‌ره‌نسا رایگه‌یاند، ئێستا ئۆمیكرۆن له وڵاته‌كه‌یان به‌ربڵاوه، دوای ئه‌وه‌ش پێشبینی ده‌كه‌ن به‌م نزیكانه ئه‌و جۆره نوێیه‌ی كۆرۆنا زیاتر ته‌شه‌نه بكات.
تا ئێستا رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی دوای ئۆمیكرۆن، ئه‌و جۆره نوێیه‌ی كۆرۆنا له فه‌ره‌نسا پشتڕاست نه‌كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام زانایانی فه‌ره‌نسا جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه ئه‌و به پێی توێژینه‌وه‌كانیان له‌وه دڵنیابوونه‌ته‌وه، "IHU"، جۆرێكی نوێ كۆرۆنایه.