ئه‌وه‌ی ڤاكسینی كۆرۆنای وه‌رنه‌گرتبێت ناتوانێت سه‌ردانی ئه‌م شوێنانه‌ بكات

"به‌بێ پشكنینی هه‌فتانه‌ی (PCR)، یاخوود به‌ڵگه‌نامه‌ی وه‌رگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا، رێگه‌ نادرێت هاووڵاتیان بچنه‌ ئه‌م شوێنانه‌"
پێدانی ڤاكسینی كۆرۆنا له‌ بنكه‌یه‌كی ته‌ندروستی له‌ هه‌رێمی كوردستان
پێدانی ڤاكسینی كۆرۆنا له‌ بنكه‌یه‌كی ته‌ندروستی له‌ هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرای كرد، له‌ سه‌ره‌تای مانگی داهاتووه‌وه‌ رێگه‌نادرێت هاووڵاتیان سه‌ردانی ده‌زگاكانی ته‌ندروستی بكه‌ن، ئه‌گه‌ر ڤاكسینی كۆرۆنا، یان پشكنینی هه‌فتانه‌ی (PCR)یان نه‌كردبێت.

له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ته‌ندروستی هه‌ولێردا هاتووه‌، ئاگاداری دەستەی کارگێڕی دەزگاکانی تەندروستی دەکەینەوە، هەر فەرمانبەرێك، یان هاووڵاتییەك لە رێكه‌وتی 1/ 2/ 2022ـه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ڤاکسینی دژە کۆرۆنا، یان پشکنینی هەفتانەی (PCR)یان نەبێت، ناتوانن سەردانی سەرجەم دەزگاکانی تەندروستی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیه‌كه‌یان بکەن.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، سه‌ردانیكردن به‌بێ به‌ڵگه‌ی ڤاكسین یان پشكنینی كۆرۆنا رێگه‌پێدراو نییه‌، جگە لەو حاڵەتانەی سەردانی فریاکەوتنەکان دەکەن.