لە چەمچەماڵ.. تەرمێک گەیەندرایە نەخۆشخانە

شوێنەواری فیشەکی پێوەیە
سەنتەری فریاکەوتنی چەمچەماڵ
سەنتەری فریاکەوتنی چەمچەماڵ

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چەمچەماڵ رایگەیاند، کەمێك پێش ئێستا، تەرمی کەسێک کە شوێنەواری فیشەکی پێوەیە، گەیەندراوەتە سەنتەری فریاکەوتنی چەمچەماڵ.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چەمچەماڵ، ئەمڕۆ سێ شەممە 4ـی کانوونی دووەمی 2022، تەرمی کەسێک گەیەنرایە سەنتەری فریاکەوتنی چەمچەماڵ، کە پیاوێکی تەمەن (٥٩) ساڵە، دانیشتوی ناحیەی شۆڕشە و شوێنەواری فیشەک بە جەستەوەی بوو.

دوای ڕێکارە یاساییەکان تەرمەکە لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنی خێرا ١٢٢ رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کرا.

لە دەستپێکی ئەمساڵەوە، زیاتر لە چوار حاڵەتی گیان لەدەستدان بە فیشەک روویداوە، لەوانە لەسەر کێشەی راگرتنی ئۆتۆمبێل لە قەزای بەردەڕەش لەنێوان دوو دراوسێدا شەڕ  درووست بوو، به‌و هۆیه‌وه‌ كه‌سێكی 38 ساڵ كوژرا و برایه‌كیشی بریندار كرا، لەلایەکی ترەوە لە دووەم رۆژی ئەمساڵ، له‌ قه‌زای كه‌لار، كچێك به‌ فیشه‌كی ده‌مانچه‌ی باوكی گیانی له‌ده‌ستدا و پۆلیس گوتی: رووداوه‌كه‌ خۆكوژی بووه‌.

له‌ هه‌رێمی كوردستان ملیۆنان پارچه‌ چه‌كی سووك و مامناوه‌ند له‌ ناو هاووڵاتیان و له‌ ماڵه‌كاندا هه‌ن و تا ئێستا نه‌توانراوه‌ دیارده‌ی چه‌كداری بنبڕ بكرێت.

H.H