لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا چەند بڕیارێكی نوێ دەردەکات

دیمه‌نێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌
دیمه‌نێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌

K24 – هه‌ولێر:

رۆژی سێشەممە 4ی کانوونی دووەمی 2022، لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، بە سەرپەرشتی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لە دوای پێشکەشكردنی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی، چەند بڕیارێک دران کە بریتین لەمانەی خوارەوە:

یەکەم: درێژکردنەوەی ماوەی وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن گشت فەرمانبەرانی حکومەت، بە هەردوو ڕاژەی شارستانی و سەربازی، تاوەکو 20ی کانوونی دووەمی  2022، هەر فەرمانبەرێکیش پابەند نەبێت ئەوا بەپێی یاسای تەندروستی گشتی و بەرزەفتی فەرمانبەران مامەڵەیان لەگەڵ دا دەکرێت.

دووەم: ئەنجامدانی پشکنینی كۆڕۆنا لە خاڵه سنورییەکان بۆ هەموو ئەو گەشتیارانەی کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، تەنانەت ئەوانەش کە کارتی ڤاکسینیشیان هەیە، جگە لەوانەی که تێستی کۆڕۆنای پێش (48) کاتژمێریان پێ بێت.

سێیەم: لیژنەی باڵا بڕیاری دا کە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکە کارگێڕییەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا  ڕێنمایی تایبەت لەسەر پرسەدانان دەربکات.

چوارەم: گروپی گەشتیاری دەبێت پیش (48) کاتژمێر لە گەشتەکەیان تێستی کۆڕۆنایان کردبێت یان کارتی ڤاکسینیان هەبێت.

پێنجەم: پێویسته گشت هاووڵاتیان (ئەوانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە یان وەرنەگرتووه) له هەموو شوێنه گشتیە داخراوه کانی وەك (فەرمانگه حكومییەکان، مارکێت، ڕێستۆرانت، شوێنه بازرگانییەكان، کۆمپانیاکان و شوینەکانی دیکەی کەرتی تایبەت) پابەندبن بە بەستنى ماسك و مەودای (1.5) یەک مەتر ونیو نێوانیان بپارێزن.

شەشەم: له دوای 2022/2/1 هیچ کەسێك ڕێگەی پێ نادرێت سەردانی شوێنه گشتییەكان بكات وەك (فەرمانگە حكومییەکان، مارکێت، ڕێستۆرانت، شوێنه بازرگانییەکان، کۆمپانیاکان و هۆڵی بۆنەكان) بەبێ هەبوونی کارتی ڤاکسین یان ئەنجامدانی تێستی کۆڕۆنا که (48) کاتژمێری بەسەردا تێپەڕنەبووبێت.

دواتر وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەیانێک وردەکاری سەرجەم ئەو بڕیارانە ڕادەگەیێنێت.

لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا

4ی کانوونی دوومی 2022