بارزانی و شاندێكی ئەمریكا ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ تاوتوێ دەكەن

باسیان لە ھەماھەنگی نێوان پێشمەرگەو ھێزەكانی ھاوپەیمانان و یارمەتی دارایی بۆ ھێزەكانی پێشمەرگە كردووە

K24 - ھەولێر

سەرۆكی ھەرێم لەگەڵ شاندێكی ئەمریكا تاوتوێی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی مووسڵ و چۆنیەتی بەرێوەبردنی ئەو شارە دوای ئازادكردنی كرد.

ئەمرۆ لە سەلاحەدین، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی سیاسی و سەربازیی ئەمەریكا كرد كە پێكهاتبوو لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و جەنەڕاڵ مەكفارلەند فەرماندەی هێزە هاوپەیمانەكان لە عێراق و ژمارەیەك لە بەرپرس و ڕاوێژكاری سەربازیی سوپای ئەمەریكا.

لە دیدارەكەدا هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵ و قۆناغی دوای داعش و چۆنییەتی بەڕێوەبردنی پارێزگای نەینەوا لە دوای داعش ئاڵوگۆڕ كرا و هەردولا لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە پێویستە بە وردی قۆناغی دوای داعش دیراسە بكرێت و جەختیش لە بەشداریی پێكهاتەكان لە پڕۆسەی ئازادكردنی موسڵ كرایەوە.

لەو دیدارەدا بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی دژی داعش لە شاری فەللوجە و پارێزگاكانی دیكەی عێراق تاوتوێ كراو باس لە ھەماھەنگی نێوان پێشمەرگەو ھێزەكانی ھاوپەیمانان و یارمەتی دارایی بۆ ھێزەكانی پێشمەرگە كرا.