مستەفا کازمی: تەواوی کەمپە سەربازیەکان رادەستی هێزە عێراقییەکان کراونەتەوە

"تەنها ژمارەیەک راوێژکار ماونەتەوە"
مستەفا کازمی
مستەفا کازمی

K24 - هەولێر:

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق کۆتاییان پێهاتووە و تەنها ژمارەیەک راوێژکار ماونەتەوە.

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران گوتی: "کۆتاییهێنان بەڕۆڵی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لە عێراق دووپاتدەکەینەوە، تەواوی کەمپە سەربازیەکان رادەستی هێزە عێراقییەکان کراونەتەوە، ئێستادا تەنها ژمارەیەک لە راوێژکارەکان شانبەشانی هێزە ئەمنییەکانمان کار دەکەن".

سەبارەت بە هێرشە مووشەکیەکانی ئەم دوواییە گوتی: "بەداخەوە لە رۆژانی سەرەتای ساڵی نوێدا چەند موشەکێک کەمپە سەربازیە عێراقیەکانیان بە ئامانج گرتووە، ئەمانە کردەوەی بێ مانان و بێگومان ئاسایش و سەقامگیری تێکدەدەن".

لەبارەی کۆمەڵکوژیەکەی پارێزگای بابل، باسی لەوە کرد "ئەوەی لە ناحیەی جەبلەی سەربە پارێزگای بابل روویدا جێگەی داخە، ئێمە دەزگای ئاسایشی نیشتمانیمان ئاڕاستەکردوە بۆ سەرپەرشتیکردن و لێکۆڵینەوە لە تاوانی جەبلە کە بەهۆی کێشەی خێزانی و ئیستغلالکردنی مادەی 4ی یاسای دژە تیرۆرەوە خانەوادەیەک بوونە قوربانی".

مستەفا کازمی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ئێمە قوربانی دیکتاتۆرە ستەمکارەکانین، شتێکی بێ عەقڵانەیە لە سەردەمی دیموکراسیدا، بەردەوامی بە ستەم بدەین".