هه‌ولێر سێیه‌مین سه‌ركه‌وتنی له‌سه‌ریه‌كی له‌ خولی نایابی عێراق تۆمار كرد

پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی یانه‌ی هه‌ولێر بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی نه‌فتی میسان. یاریگه‌ی دهۆك 5 جه‌نیوه‌ری 2022
پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی یانه‌ی هه‌ولێر بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی نه‌فتی میسان. یاریگه‌ی دهۆك 5 جه‌نیوه‌ری 2022

هەولێر لە گەڕی حەڤدەمی خولی نایابی عێراق میوانداریی نەفتی میسانی کرد، بەهۆی سزادرانیەوە جارێکی دیکە لە دهۆک ململانێی سەرکەوتنی کرد.

هەولێر بە ئامانجی سێیەمین سەرکەوتنی لەسەریەک و چوارەمینی ئەم وەرزە دەستی بە یارییەکە کرد و لە کۆنترۆڵی تۆپ و یاریگا سەرکەوتوو بوو، بەڵام لە هەژاندنی تۆڕی گۆڵی میوانەکەی دواكه‌وت و هەولێر سوودی لە هەڵەکانی بەرگری نەفتی میسان نەبینی.

زۆربەی هێڕشەکانی یارییەکە لە هەولێرەوە بۆ گۆڵی نەفتی میسان بوو، بە تەواوی فشاری خستە سەر گۆڵی رکابەرەکەی و دەرفەت لە دوای دەرفەتی رەخساند.

کوڕانی نزار مەحرووس له‌ نیوه‌ی یه‌كه‌م بە ورەیەکی بەرزەوە هەرچی کردیان لە هەژاندنی تۆڕی گۆڵی نەفتی میسان سەرکەوتوو نەبوون.

 میوانەکەی هەولێریش بێ ئەوەی هیچ مەترسییەک لەسەر گۆڵی قەڵای زەرد درست بکات لە نیوەی یەکەم تەنیا بەرگرییان کرد.

هەولێر لە هەوڵەکانی بۆ گۆڵ بەردەوام بوو، بەڵام بەرگری و گۆڵپارێزی نەفت میسان رێگەیان لێگرتن. دواجار نیوەی یەکەم بە ئەنجامێکی سپی کۆتایی هات و هیچ گۆڵێک لەم نیوەیە تۆمار نەکرا.

لە نیوەی دووەم هەولێر بە هەمان ئامانج گەڕایەوە سەر لاکێشەی سەوزی یاریگای دهۆک، لەم نیوە نزار مەحرووسی راهێنەر لەسەرەتاوە گۆڕانکاری کرد و دیدار غازی هێنایە شوێنی رەوا یوسف.

نەفتی میسانیش هەمان ئامانجی هەولێری هەبوو، لە لێدانێكی گۆشە مەترسی لەسەر گۆڵی زەردپۆشەکانی پایتەخت دروست کرد. دواتر بە لێدانێکی راستەوخۆ گۆڵی هەولێری کردە ئامانج. پاشان نەفتی میسان شووتێكی مەترسیدارتری ئاراسته‌ی گۆڵی هه‌ولێر كرد.

کوڕانی پایتەخت دوای 20 خولەک لە نیوەی دووەم میوانەکەیان کپ و بێدەنگ کرد، بە ئەسیستی بارزان شێرزاد، سەفین مەنسووڕ بە لێدانی سەر تۆڕی گۆڵی نه‌فتی میسانی هەژاند.

دوای گۆڵەکەی سەفین، هەولێر گەرموگوڕتر بوو لە یارییەکە و لە دوو هێرشی لەسەریەک هەوڵی گۆڵی دووەمی یارییەکەی دا.

نەفتی میسانیش لە هەوڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە بەردەوام بوو، خۆی لە گۆڵی هەولێر نزیک کردەوە و بە چەند هێرشێک هەوڵیدا ئەنجامەکە نزیک بکاتەوە و ئامانجەکەی نەپێکا.

مەترسیدارترین هەوڵی نەفتی میسان بۆ راستکردنەوەی ئەنجامەکە، لە بەختی هەولێر تۆپەکە ئەمجارە بەر ستوونی گۆڵ کەوت و چووە دەرەوە.

لە دواخولەکی نیوەی دووەم هەولێر هەموو شتێکی بەکۆتا هێنا، ئەسیستێکی کۆسرەت بایز، شێرکۆ کەریمی بە تەنیا بەرامبەر گۆڵپارێز هێشتەوە و گۆڵی دووەم و دڵنیایی سەرکەوتنی تۆمار کرد.

هەولێر یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە و سێیەمین سەرکەوتنی لەسەریەک و چوارەمی لەم وەرزەی خولی نایابی عێراق بەدەستهێنا و نەفتی میسانی تووشی هەشتەمین دۆڕان کرد.

هه‌ولێر و نه‌فتی میسان له‌ خولی نایابی عێراق
هه‌ولێر و نه‌فتی میسان له‌ خولی نایابی عێراق