"ئه‌مه‌ریكا هاوشێوه‌ی ئه‌فغانستان عێراق جێناهێڵێت"
K24 – هه‌ولێر:
له ژێر ناونیشانی (ئه‌مه‌ریكا هاوشێوه‌ی ئه‌فغانستان عێراق جێناهێڵێت)، نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسی رووسی غینادی بیترۆف له رۆژنامه‌ی (نیزافیسیمایا گه‌زه‌ته) گوتارێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه، تێیدا رایده‌گه‌یه‌نێت، له كۆتایی ساڵی 2021 به گوێره‌ی رێكه‌وتنی ستراتیژی نێوانی به‌غدا و واشنتن ده‌بێت له عێراق بكشێنه‌وه.
ئه‌و نووسه‌ره ده‌شڵێت: ئه‌مه‌ریكا ئه‌ركی سوپاكه‌ی له عێراق له شه‌ڕكه‌ره‌وه بۆ راوێژكاری گۆڕی.
نووسه‌ر ده‌ڵێت: "فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی هێزه هاوبه‌شه‌كانی عێراق سه‌باره‌ت به كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌م وڵاته رایگه‌یاندووه، ته‌واوی كه‌ره‌سته سه‌ربازییه‌كانی هاوپه‌یمانان و ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌وێته ژێر كۆنتڕۆڵی سوپای عێراق، راوێژكاره بیانییه‌كان له هه‌ردوو بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌د و هه‌ریر ده‌مێننه‌وه".
ئه‌و نووسه‌ره گوتی: مانه‌وه‌ی كه‌شتیگه‌لی ئه‌مه‌ریكی له ئاوه‌كانی كه‌نداو، ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت هه‌ر كاتێك واشنتن نیازی هه‌بێت، ده‌توانێت هێرش بكاته سه‌ر هه‌ر سووچێكی خاكی عێراق.
غینادی بیترۆف روونیكرده‌وه، به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ماكنزی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی ئه‌مه‌ریكی، ده‌سه‌ڵاتی رێگه‌پێدانی ئه‌مه‌ریكا له‌و ناوچه‌یه‌دا فراوانه.
ئه‌لیكسه‌نده‌ر شومیلین، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یمانگه‌ی ئه‌وروپای سه‌ر به ئه‌كادیمییای زانستی سیاسی رووسیا رایگه‌یاند، به‌هیواین ئه‌مه‌ریكییه‌كان په‌ند له رووداوه‌كانی ئه‌فغانستان وه‌ربگرن، سه‌یری داهاتووشیان له عێراقدا بكه‌ن. ده‌شڵێت: مه‌ترسی تێكچوونی سه‌قامگیری له عێراقدا له ئارادایه، به‌تایبه‌ت رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تایفه‌ی شیعه و سوننه".