پنتاگۆن: ئاماده‌ین وه‌ڵامی هێرشی میلیشیاكان بده‌ینه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
گوته‌بێژی پنتاگۆن رایده‌گه‌یه‌نێت، واشنتن گومانی له‌وه‌دا نییه هه‌موو ئه‌و هێرشانه‌ی ده‌كرێنه سه‌ر بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌لایه‌ن گرووپ و میلیشیاكانی نزیك له ئێرانه‌وه ئه‌نجام ده‌درێن.
جۆن كێربی، گووته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا (پنتاگۆن) رایگه‌یاند، به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی هێرشه‌كان بۆ سه‌ر بنكه سه‌ربازییه‌كان له عێراق و سووریا، په‌یوه‌ندی به ساڵیادی كوژرانی قاسم سوله‌یمانییه‌وه هه‌یه.
كێربی راشیگه‌یاند، ئه‌مه‌ریكا له ئێستادا ئاماده‌یه و كار بۆ پاراستنی هێزه‌كانی له عێراق و سووریا بكات. گوتیشی: به ئێرانمان راگه‌یاندووه، ده‌بێت سه‌ربازانمان پارێزراو بن.
گوته‌بێژی پنتاگۆن روونیكرده‌وه، ئه‌م هێرشانه‌ی میلیشییاكانی نزیك له ئێران بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ئه‌ركی سوپای ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان له شه‌ڕكه‌ره‌وه بۆ راوێژ گۆڕاوه.
ژماره‌یه‌ك له كه‌ناڵ و سه‌رچاوه نزیكه‌كانی گرووپ و میلیشیا شیعه‌كان بڵاویانكرده‌وه، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ 5ـی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2022، ژماره‌یه‌ك مووشه‌ك ئاراسته‌ی بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌د كران.
به گوێره‌ی زانیارییه سه‌ره‌تاییه‌كان، وه‌ك ئه‌وه‌ی گرووپه شیعه‌كان بڵاویانكردووه‌ته‌وه، 12 مووشه‌ك ئاراسته‌ی بنكه سه‌ربازییه‌كه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا كراون.
له‌و باره‌یه‌وه سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرسی ئه‌منی بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، له هێرشه‌كه‌ی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆدا ته‌نیا 5 مووشه‌ك ئاراسته‌ی بنكه سه‌ربازییه‌كه كراون.
دوای هێرشه‌كه، هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش له راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند، كاتژمێر 6:45ی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ 5 مووشه‌ك له لایه‌ن میلیشیا له یاسا ده‌رچووه‌كانه‌وه ئاراسته‌ی بنكه‌ی عه‌ین ئه‌سه‌د كراون و ئه‌و مووشه‌كانه له دووری نزیكه‌ی 2 كیلۆمه‌تر له بنكه‌كه كه‌وتوونه‌ته خواره‌وه.
ئه‌م هێرشه دوای ئه‌وه دێت، سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ له گوندی خه‌زرا، له باكووری سووریا و سنووری ناوچه‌ی مه‌یادین، هه‌شت مووشه‌ك ئاراسته‌ی بنكه‌ی سه‌ربازی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش كران.
هاوپه‌یمانییه‌كه له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، ئه‌و هێرشه له لایه‌ن ئه‌و گرووپه چه‌كدارییه شیعانه‌وه ده‌كرێته سه‌ر بنه‌كانیان، كه ئێران پشتیوانیان ده‌كات.
ئه‌و هێرشانه له دوای ئه‌و یادكردنه‌وه فراوانه‌ی شیعه‌كان دێت، بۆ دووه‌م ساڵی كوژرانی هه‌ریه‌ك له فه‌رمانده‌ی پێشووی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی، جه‌نه‌راڵ قاسم سوله‌یمانی و جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی، ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس، كه به هۆیه‌وه ده‌وامی فه‌رمی له عێراق په‌كخرا.