خەڵکی بەغدا ئومێدیان بە حکومەت و داهاتووی عێراق نییە

پایتەختی ‌عێراق گیرۆدەی هەژاریی و بێکارییە
شاری بەغدا
شاری بەغدا

K24 – بەغدا

هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، تاکو ئێستا هیچ هێزێکی سیاسی نەیتوانیوە ببێتە کوتلەی گەورەی پەرلەمان، بۆ پێکهێنانی حکومەت، هاووڵاتییانی بەغدا نائومێدن لە حکومەتی داهاتووی عێراق، ئێستا بەغدا وەک پایتەخت گیرۆدەی هەژاری و بێکارییە.

لە بەغدا زۆڕینەی خەڵک دەڵێن، خزمەتگوزاری سەرەتایمان نییە، ئاو و کارەبا کێشەی سەرەکی بەشێک لە گەڕەکەکانی بەغدایە، خەڵکی بێزاربوونە لە داواکاری و پێیانوایە داواش بکەن هەر جێبەجێ ناکرێت.

قەرەباڵغی و جەنجاڵی نێو شاری بەغدا، هاوشێوەی دۆخی سیاسییە، چەند رۆژێکی دیکە بڕیارە پەرلەمانی عێراق دانیشتنی خولی پێنجەم ئەنجامبدات، بەڵام هێشتا پێکهێنانی حکومەت دیار نییە، هاووڵاتییانیش بە نائومێدییەوە لە داهاتووی عێراق دەڕوانن.

حوسێن مشیرفاوی، یەکێکە لە کاسبکارەکانی ناو بازاڕی بەغدا، بە کوردستان24ی گوت: "چیمان بینی، نزیک 20 ساڵە چیمان لەم دەسەڵاتدارانە بەدەست هێنا؟ پێم بڵێن، تەنها تەقینەوەو کوشتن، ئەم دەسەڵاتدارانە شکستیان هێناوە بەخوا شکستیان هێناوە، ئێمە جاران نەماندەزانی هەژاری چییە تائیفەی شیعە و سونە چییە، ئێستا ئەمانە چیان لێ کردین".

خەڵکی بەغدا زۆر نیگەرانن و بێتاقەتن لە دۆخەکە، پایتەخنی عێراق گیرۆدەی هەژاریی و بێکارییە. بە گوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، زیاتر %32ی دانیشتوانی عێراق لە خوار هێلی هەژاری دان.

هاووڵاتییەکی دیکەی دانیشتووی بەغدا کە بۆ کوردستان24 دوا گوتی: "زۆر ئەستەمە کەسێک بێت و بتوانێت ژیانی ئێمە بگۆڕێت، عێراق لە خراپەوە بۆ خراپتر هەنگاو دەنێت، هەرچی کەسانی پارەخۆر و دز هەیە دەیهێنن سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە دەدزن".