ئۆمیکرۆن گەیشتە هەرێمی کوردستان

وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند
کۆنفرانسی رۆژنامەوانی د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان - 6/1/2022
کۆنفرانسی رۆژنامەوانی د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان - 6/1/2022

K24 – هەولێر

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی تووشبوونی 5 کەسی بە ئۆمیکرۆن لە پارێزگای دهۆک راگەیاند.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا پشکنین بۆ چەند گومانلێکراوێک کرا، پشتڕاستکراوەتەوە کە 5 کەس لە پارێزگای دهۆک هەڵگری گۆڕاوی نوێی کۆرۆنا (ئۆمیکرۆن) بوونە.

وەزیری تەندروستی روونیکردەوە، تووشبووەکان ئەندامی یەک خێزانن و یەکێکیان لە دەرەوە گەڕاوەتەوە و ئەوانی دیکەشی تووشکردووە.

راشیگەیاند: "ئێستا ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن لەناو کۆمەڵگەکەمان هەیە و سەرچاوەی سەرەکی ئەوانەن کە لە دەرەوەی وڵات دەگەڕێنەوە، پێویستە هاووڵاتییان رێکار و رێنماییەکان لەبەرچاو بگرن".

د. سامان بەرزنجی، ئاماژەی بەوەشکرد: "بەداخەوە ئەو کەسانەی لە دهۆک تووشی ئۆمیکرۆن بوونە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، خۆشبەختانە باری تەندروستییان جێگیرە هەموو رێکارەکانی چارەسەریان لەلایەن تیمەکانی تەندروستی بۆ گیراوەتە بەر".

جەختیکردەوە: "پێویستە هاووڵاتییان پابەندی رێکار و رێنماییەکانی خۆپارێزی بن، کە لە سەرووی هەموویانەوە وەرگرتنی ڤاکسینە".