لەکاتی ساخکردنەوەی 25 هەزار دیناری ساختە کەسێک دەستگیرکرا

25 هەزاری ساختەی بۆ کڕینی کەلوپەل بەکارهێناوە
( أ . و  .خ ) لە دایک بووی ساڵی ١٩٩٢
( أ . و  .خ ) لە دایک بووی ساڵی ١٩٩٢

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران رایگەیاند، کەسێک هەوڵی ساغکردنەوەی 25 هەزار دیناری داوە و دواتر دەستگیرکراوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی بەشی پەیوەندی و راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران، ئەمڕۆ هەینی 7ـی کانوونی دووەم/یەنایری 2022، بەشی پۆلیسی ناو شاری سۆران ئاگادار کراوەتەوە کەوا کەسێک پارەی جۆری 25 هەزاری ساختەی بۆ کڕینی کەلوپەل بەکارهێناوە و رایکردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، مەفرەزەکانی پۆلیسی ناوشار دوای گەڕان و لێکۆڵینەوە بەدوای تۆمەتبار دواجار دۆزراوەتەوە و دەستگیرکراوە.

ناوبراو ناوی سیانی ( أ . و  .خ ) لە دایک بووی ساڵی ١٩٩٢ دانیشتووی شارۆچکەی حاجیاوا سەر بە قەزای رانیەیە.

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکان دانی ناوە بە تاوانەکەی و پارەیەکی زۆری لە شارۆچکەی ناوبراو ساخ کردۆتەوە.

تۆمەتبارەکە لەسەر فەرمانی دادوەری ئێشکگر بەگوێرەی مادەی ٢٨٩ لەیاسای سزادان بەند کراوە.