حەشدی شەعبی هێرشی مووشەکی بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە سەرکۆنە دەکات

سوپای عێراق لێکۆڵینەوە دەکات
پێشمەرگەیەک لەکاتی ئەرک لە یەکێک لە سەنگەرەکانی دژی داعش - ئەرشیف
پێشمەرگەیەک لەکاتی ئەرک لە یەکێک لە سەنگەرەکانی دژی داعش - ئەرشیف

K24 - هەولێر

حەشدی شەعبی، هێرشی مووشەکی بۆ سەر سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە سەرکۆنە دەکات و سوپای عێراقیش لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکات.

دەستەی حەشدی شەعبی، لە راگەیەندراوێکدا بەتوندی سەرکۆنەی هێرشی مووشەکی بۆ سەر سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە کردووە و "هەر بەئامانجگرتنێکی پێشمەرگەشی، بەئامانجگرتن حەشدی شەعبی زانیووە"، داواشیکردووە لێکۆڵینەوە لەو هێرشە بکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق بڕیاریدا، لێکۆڵینەوە لە هەڵدانی مووشەک لە باشووری پردێیەوە بەرەو هێزەکانی پێشمەرگە بکات.

ئێوارەی دوێنێ 7/1/2022، هەشت مووشەکی کاتیۆشا لە لە سنووری پردێ، ئاراستەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە کرا، هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبوو.

وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد "ژمارەیەک مووشەکی کاتیۆشا، بەشێوەیەکی هەڕەمەکی ئاراستەی سەنگەرەکانی هێزەکانی پێشمەرگە کرا، لە سنووری میحوەری پێنج، مووشەکەکان لە دەرەوەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە کەوتوون و هیچ سەنگەرێکی پێشمەرگەیان نەپێکاوە، هاوکات هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێ نەکەوتووەتەوە، لەمبارەیەوە، هێزەکانی پێشمەرگە  دەستیان بە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان کردووە".