گەنجێک بە ریکلام بەدوای کەسێکدا دەگەڕێت ببێتە هاوسەری

لە ریکلامەکەدا دەڵێت "رزگارم بکەن لە هاوسەرگیری تەقلیدی"
محمد مالک و ریکلامەکەی
محمد مالک و ریکلامەکەی

K24 - هەولێر:

گەنجێکی بەریتانی نایەوێت بە رێگە تەقلیدیەکانی هاوسەرگیری هاوژینی خۆی بدۆزێتەوە و بەرێگەیەکی جیاواز ریکلام بۆ خۆی دەکات.

بە گوێرەی هەواڵێکی وێبسایتی "دەیلی مەیڵ"ـ بەریتانی، گەنجێکی موسڵمانی تەمەن 29 ساڵ بەناوی "محمد مالک" لەرێگەی دانانی بۆردێکی ریکلامیەوە بەدوای هاوسەردا دەگەڕێت.

محمد لەسەر بۆردە ریکلامیەکە نووسیوویەتی "لە هاوسەرگیری رێکخراو یان تەقلیدی رزگارم بکەن"، بیرۆکەکەی لە ماوەیەکی کەمدا ئەنجامەکانی دەرکەوتن و دەیان نامەی پێگەیشت.

محمد مالک لە شارۆچکەی هۆنسلۆو لە رۆژئاوای لەندەن دەژی، بەگوێرەی دەیلی مەیڵ، زیاتر لە 100  کەس نامەیان بۆ ناردووە و پەیوەندیان پێوە کردووە.

هەرچەندە ئەو گەنجە بڕی پارەی ریکلامەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی دەیلی مەیڵ بۆ نرخی ریکلامی لەو جۆرە، تێچووی ریکلامەکە بۆ یەک هەفتە نزیکی 815 دۆلارە.

محمد لەبارەی کارەکەیەوە گوتی: "من داهێنەرم و حەزم لە ئەنجامدانی کاری هەڕەمەکی و جیاوازە، بەڵام بە مەرجێک لە 100% حەڵاڵ بێت".