گوێى خه‌ڵكى سووريا ته‌نيا تۆپى به‌ربانگ نابيستێت
K24 – هه‌ولێر:
له ژماره‌يه‌ك كۆمه‌ڵگه موسڵمان نشينه‌كاندا، ئێوارانى ره‌مه‌زان چاوه‌ڕێى تۆپى به‌ربانگ ده‌كرێت، به‌ڵام له سووريا شه‌شه‌م ره‌مه‌زانه خه‌ڵك گوێيان له ده‌نگى تۆپه ترسناك و خوێنباره‌كانه.
سورياييه‌كان ئێستا ته‌نيا گوێ بۆ ته‌قاندنى تۆپى به‌ربانگ رانادێرن، ئه‌وان ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه گوێچه‌كه‌يان به ده‌نگى ته‌قينه‌وه‌ى به‌رميله بارووت و ته‌قينه‌وه‌ى جۆراو جۆر راهاتووه.
له ده‌ستپێكى ره‌مه‌زانى ئه‌مساڵه‌وه، زۆرێك له ناوچه‌كانى سووريا بوونه‌ته ناوه‌ندێك بۆ بۆردومانكردن و به سه‌ردا باراندنى بۆمب و ته‌قه‌مه‌نى. ته‌نيا شارى داريا له ده‌وروبه‌رى ديمه‌شق له سه‌ره‌تاى ره‌مه‌زانه‌وه 70 به‌رميلى پڕ له ته‌قينه‌وه‌ى به‌سه‌ردا ته‌قێنراوه‌ته‌وه.
بۆردومانكردن ته‌نيا كێشه‌ى ژيانى خه‌ڵكى سووريا نييه، به‌ڵكو ژماره‌يه‌ك ناوچه‌ى ئه‌و وڵاته به ده‌ست نه‌مانى خۆراك و گه‌مارۆيى ئابوورى سه‌ريانه‌و ده‌ناڵێنن و ئه‌وه‌ش وايكردووه به ده‌يان كه‌س به تايبه‌تى منداڵان به‌رگه‌ى برسێتى نه‌گرن و گيان له‌ده‌ست بده‌ن.