زانیاری نوێ لەبارەی گەڕان بۆ دۆزینەوەی تەرمی دانەر نەبەز

تیمەکان چەند شوێنێکی دیکە دەگەڕێن

K24 – هەولێر

تیمەکانی بەرگری شارستانی هەولێر بە هاوکاری تیمێکی وەزارەتی پێشمەرگە، بەردەوامن لە گەڕان و پشکنین، بۆ دۆزینەوەی تەرمی دانەر نەبەز ئەو منداڵەی لە لافاوەکەی هەولێر بێسەروشوێن بوو.

سەرکەوت کاڕەش، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئێستا تیمەکانمان زیاتر لە نزیکی قوشتەپە لە تەرمی دانەر دەگەڕێن، بەڵام بەهۆی قامیشەڵان و قوڕ و لیتە تائێستا نە دۆزراوەتەوە".

گوتیشی: "گەڕانی تیمەکان ئێستا وەک رۆژانی پێشتر بە کۆمەڵ نییە، بەڵکو پشت بە زانیاریی دەبەستین، هەروەها لەو شوێنانە دەگەڕێین کە لەلایەن ئەفسەرەکانمان دیار دەکرێن و جێگەی گومانە، بەتایبەتی لە گۆمە ئاوەکان و ئەو شوێنانەی قوڕ و لیتەی لێ کۆبووەتەوە".

وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر راشیگەیاند: "لە زۆربەی ناوچەکان گەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوەی تەرمی دانەر، دوێنێش بە دوو ئاراستە بە پیادە و تیمی سەگەوانی وەزارەتی پێشمەرگە لە قوشتەپە گەڕان و پشکنینمان کردووە و بەردەوام دەبین".

ئەوەشی خستەڕوو: "جگە لە گەڕانی تیمەکان پشت بە زانیاری هاووڵاتییانیش دەبەستین، لە هەر شوێنێک هاووڵاتییان زانیاریمان پێبدەن کە گومان لێ بکرێت تیمەکانمان دەچن و گەڕان و پشکنین دەکەن".

شەوی 17/12/2022، بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ لافاو چەند شوێنێێکی شاری هەولێر و دەوروبەری گرتەوە، بەو هۆیەوە 12 کەس گیانیان لەدەستدا و زیانی زۆری مادیشی لێکەوتەوە. ئەوکات تەرمی دوو کەس بە ناوەکانی ئومێد نامق و دانەر نەبەز نەدۆزرایەوە، بەڵام دوای گەڕان و پشکنین رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 2022/1/6  تەرمی ئومێد نامق دۆزرایەوە، ئێستا گەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوەی تەرمی دانەر بەردەوامە.