بەفر و بارانبارین دەستپێدەکاتەوە

K24 – هەولێر
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی و کوردستان رایگەیاند، شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین روو لە ناوچەکە دەکات و هەفتەیەک بەردەوام دەبێت.
لە راپۆرتی پێشبینییەکانی کەشناسی ئاماژەی بەوەکراوە "لە ئەمشەوەوە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر ناسەقامگیریەکی رەوشی کەشوهەوا، کە پێشبینی دەکرێت کاریگەریەکە بۆ ماوەی هەفتەیەک بە شێوازی نمە باران و بارانی مامناوەند بەردەوامی هەبێت".
روونکراوەتەوە "بەرەبەیانی رۆژی دوو شەممە سەرەتا بارانبارین لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ دەستپێدەکات، پاشان لە نیوەڕۆی هەمان رۆژ ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە پاشان سەنتەری شار، دواتر کاریگەریەکەی زیاتر دەبێت سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین باران دەبارێت، و پلەکانی گەرما نزم دەبێتەوە و بەفر بارین لەسەر لوتکەی شاخە بەرزەکان و ناوچە سنووریەکان دەبارێت".
کەشناسی راشیگەیاندووە، بڕی بارانبارینی پێشبینیکراو لە ماوەی رۆژی دووشەممە بەمشێوەیە دەبێت :
سنووری پارێزگای هەولێر ( 5 تــــا 10 ) ملم دەبێت
سنووری پارێزگای سلێمانی ( 4 تــــا 8 ) ملم دەبێت
سنووری پارێزگای دهۆک ( 8 تــــا 15 ) ملم دەبێت
سنووری پارێزگای هەلەبجە ( 4 تــــا 8 ) ملم دەبێت
سنووری پارێزگای کەرکوک ( 0 تــــا 2 ) ملم دەبێت
هەر بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی "رۆژی سێشەممە نمە بارانی پچڕپچڕ دەبێت، کاریگەریەکەی لەسەر سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر دەبێت . لە رۆژی چوار شەممە 12/1/2022 تاکو رۆژی سێشەممەی داهاتوو کاریگەری ئەم شەپۆلە بەردەوامی دەبێت و ئاسمانی هەرێم بەردەوام هەوری دەبێت لەگەڵ بارینی نمە باران و بارانی مامناوەند، بەفریش لەم ماوەیەدا لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان و بەرزەکان دەبارێت".