حەلبووسی بە جیا لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی کۆدەبێتەوە

کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دواخرا
محەمەد حەلبووسی لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی
محەمەد حەلبووسی لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی

K24 – بەغدا

پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی پەرلەمان، فراکسیۆنەکان پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەی راوێژکاری دەکەن و یەکەم کۆبوونەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق دواخرا.

پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، محەمەد حەلبووسی کاندیدی هاوپەیمانێتی تەقەدووم و عەزم بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە جیا لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی کۆدەبێتەوە.

هەرچەندە بڕیاربوو یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستپێبکات، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا.

راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی کۆبوونەوەی راوێژکارییەکان کۆبوونەوەکە دواخراوە.

چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان داوایان کردووە، کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ ماوەی سێ کاتژمێر دوا بخرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرمان، کوتلەی سەدری حاکم زاملی، وەک کاندید بۆ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دیار دەکات.

ڤیان سەبری، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند "شاخەوان عەبدوڵڵا، کاندیدی ئێمەیە بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمان، هەروەها دەنگ بە محەمەد حەلبووسی کاندیدی هاوپەیمانێتی تەقەدووم و عەزم دەدەین بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق".

دیلان غەفوور، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی نیشمانی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: "وەک کوتلەی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ئامادەین و چاوەڕێی فەرمانی سەرووی خۆمان دەکەین، هێشتا بڕیاری کۆتاییمان بۆ نەهاتووە بۆ دەنگدان یان دەنگ نەدان بە محەمەد حەلبووسی کاندیدی سەرۆکی پەرلەمان".

گوتیشی: "یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێداگرە کە پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی بێت، بەڵام ‌هێشتا کاندیدەکە رانەگەیەندراوە".

لەبارەی یەکڕیزی کورد لە بەغدا، ئاسۆ فەرەیدون پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی بۆ کوردستان24، گوتی: "وەک دەزانین ناکۆکی پێشتری نێوان فراکسیۆمە کوردییەکان زەرەری بۆ خەڵکی کوردستان هەبوو، خەڵکی کوردستان چاوەڕێی ئەوەن لە بەغدا بە یەکدەست کار بکەین، هیوادارین لە سۆنگەی بۆ بەرژەوەندی خەڵک هەموومان پێکەوە بۆ کار بکەین".